ئەمڕۆ دابەزینى لیرەى تورکى ئاستێکى مێژوویى تۆمارکرد

ناوەندى هەواڵەکان

دواى هەڵبژاردنەوەى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستى سەرۆکایەتى تورکیا دابەزینى بەهاى لیرەى تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیی بەردەوامە و ئەمڕۆش لە بازاڕەکانی جیهاندا ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر دوو هەزار و ٨٨ لیرە مامەڵەی پێوەکرا.

ئەمڕۆ دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى لە بازاڕەکانى جیهاندا لە بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى ئاستێکى پێوانەیی تۆمارکرد، بە جۆرێک لە ئێستادا هەر ١٠٠ دۆلارێکى ئەمریکى بەرامبەرە بە دوو هەزار و ٨٨ لیرەى تورکى.

لە مێژووی دراوی تورکییدا، ئەمە جاری یەکەمە دابەزینی بەم شێوەیە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم دابەزینە بەرچاوە لە کاتێکدایە لە ماوەکانى ڕابردووشدا بانكی ناوەندی توركیا كەمكردنەوەی ڕێژەی سوودی بانكی وەک یەکێک لە ڕێكارانەکان گرتەبەر، بۆ ڕێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای لیرە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرە زیاتر بەهاكەی خۆی لەدەستدەدات.

لە ڕۆژى ٢٠ ى مانگى ٧ ى ساڵى ڕابردوو بانکی سوستییە جەنەراڵ-ی فەڕەنسیی بڵاویکردەوە، لە داهاتوودا بەهای لیرەی تورکیی بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى زیاتر دادەبەزێت، بەجۆرێک نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێکی ئەمریکی بۆ دوو هەزار و ٢٠٠ لیرەی تورکی بەرزدەبێتەوە.

ئەم دابەزینە لەدوای ئەوە دێت کە رۆژى ٢٨ى مانگى ڕابردوو ئەردۆغان بۆ جارێکى بەسەرۆکى تورکیا هەڵبژێردرایەوە، وەک شارەزایانى بواری ئابوریش پێشبنیان کردبوو، نرخى لیرەى تورکى بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزىنی بەخۆیەوە بینی و لە داهاتووشدا بەهۆى خراپى سیاسەتەکانى ئەردۆغانەوە بەهاى لیرە بەرامبەر دۆلار بەهاکەی زیاتر لەدەست دەدات.

ئ.م

Comments are closed.