ئێران داوا لە یەنەکە و پەدەکە دەکات هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات چەک بکەن

ئێران داوای لە پەدەکە و یەنەکە كردووە، هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات چەك بكەن‌و لە دوو ئۆردوگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێرو سلێمانی جێگیریان بكەن، یان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەربكرێن، هەردوولا رەزامەندن، بەڵام بەر لە جێبەجێكردنی داوایان كردووە، قاسم ئەعرەجی بچێتە واشنتۆن‌و ئاگاداریان بكات، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان روبەڕووی فشاری ئەمریكا نەبێتەوە.

ئێران دوای واژۆکردنی ڕێکەوتننامەیەک لەگەڵ عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان ‌هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات ئەگەر هێزە کوردییەکانی ئێران چەک نەکرێن، لەهەوڵێکی نوێدا کۆماری ئیسلامی ئێران داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی هەردوو حزبی یەنەکە و پەدەکە کردوە بۆ چەککردنی ئەو هێزانەی لە سنووری هەرێمی کوردستاندان، بەڵام  چاوەڕێی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەکەن بچێتە ئەمریکا و ڕەزامەندی ئەو وڵاتە وەربگرێت بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی دژ بە هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە عێراق و هەرێم .

لەوبارەیەوە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ‌و هیوا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێم لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی تارانیان كرد.

ئامانج لەم سەردانە بۆ تاوتوێكردنی دوایین ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكان بوو، مەبەست لە ئاسایشی سنوور، رێككەوتنێكی ئەمدواییەی عێراق‌و ئێران كە ناوی لێنراوە “كۆنوسی ئەمنیی”، رێككەوتنەكە تایبەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان

چوار رۆژ لەمەوبەرو، پێش ئەوەی بچێت بۆ تاران، قاسم ئەعرەجی سەردانی سلێمانی كرد‌و لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو ئێران بەڕێكەوت، ئەعرەجی مانگێك پێشتریش بۆ هەمان مەبەست چووە هەولێر.

عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كە بەمدواییە لە شوێنی (عەلی شەمخانی) دەستبەكاربووە، چەند داواکارییەکی ئاڕاستەی عێراق وهەرێمی کوردستان کردوە، داوای لێکردوون هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێن‌و لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانی‌و هەولێر دابنرێن، یاخود بە یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێن‌و لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بكرێنە دەرەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی “ژینا ئەمینی” سەریهەڵدا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە.

ر.س

Comments are closed.