هوداپار سوێندەكەی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا شكاند

ناوەندی هەواڵەکان

هەرچەندە لەكاتی بنگەشەی هەڵبژاردندا سەرۆک و کاندیدەکانى هوداپار سوێندیان خوارد، کە لە کاتى دەرچوونیان لەپەرلەمان ئەو سوێندە یاساییە نەخۆن کە بۆ پەرلەمانتاران دانراوە، تا دەقی سوێندخواردنەكە نەگۆڕدرێت، بەڵام لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا ئەو پارتە بەڵێنەکەی نەبردە سەرو سوێندەکەى پێشوویان شکاند.

پێش هەڵبژاردنەکانى تورکیا و لەكاتی میتینگەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، سەرۆكی هوداپار و كاندیدەكانی ڕەخنەی توندیان لە دەقی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمان گرت و ڕایانگەیاند: دەقی سوێندخواردنەكە ڕاست نابینین و پێویستە بگۆڕدرێ، ئێمە بەو دەقە سوێند ناخۆین.

دوێنێ، کە یەكەم دانیشتنی خولی ١٣مینی پەرلەمانی توركیا بەسەرۆكایەتی، بەتەمەنترین ئەندام، كە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە بوو ئەنجامدرا، تێیدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، لەدانیشتنەکەی پەرلەماندا پەرلەمانتارانی هوداپار بەو دەقە سوێندی یاسایان خوارد کە بەڵێنیان دابوو سوێندی پێنەخۆن، بەوەش  بەڵێن و سوێندەکەی خۆیان نەبردە سەرو شکاندیان.

لە دەستپێكی دانیشتنەكەدا، سرودی نیشتمانی توركیا لێدرا، ئەندامانی هەدەپە سرودەكەیان نەخوێند، بەڵام ئەندامانی هوداپار سرودەكەیان خوێند.

لەكاتی هاتنەژوورەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، جگە لە فراكسیۆنی هەدەپە و جەهەپە و ئی پارتی، هەموو ئەندامانی پەرلەمان لەبەردەم ئەرۆدغان هەستانەوە سەرپێ.

بڕیارە ئەمڕۆ، مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا بەڕێوە بچێت، بەڵام هەڵوێستی فراکسیۆنەکان لەسەر بایکۆتکردنی مەراسیمەکە تائێستا ڕوون نییە.

س.س

Comments are closed.