بەهۆى پێکدادانى سێ شەمەندەفەر ٢٨٨ کەس لە هیندستان گیانیان لەدەستدا

بەهۆی پێکدادانی سێ شەمەندەفەر لە هەرێمی ئۆدیشای رۆژهەڵاتی هیندستان زیاتر هەزار کەس بوونە قوربانی و تیمەکانی فریاکەوتنیش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانیانی دیکەى ڕووداوەکەدا.

میدیاکانى هیندستان بڵاویانکردەوە، ئێوارەی دوێنێ بەهۆی پێکدادانی سێ شەمەندەفەرى بارهەڵگر لە هەرێمی ئۆدیشای ڕۆژهەڵاتی هیندستان، زیاتر لە ٢٨٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ٨٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاماژە بەوە شکراوە، لەئێستادا تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانیانی دیکەى ڕووداوەکەدا و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش پێشبینی بەرزبوونەوەى ژمارەى قوربانیان دەکەن، چونکە تائێستا تیمە فریا گوزارییەکان تەرم و بریندارانی دیکە دەدۆزنەوە و ژمارەیەکى زۆر لە سەرنشینانی شەمەندەفەرەکان تا ئێستا بێسەروشوێنن .

سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکەش، ئەشویینی ڤایشناو، وەزیری هێڵی ئاسنی هیندستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندوە، فەرمانی لێکۆڵینەوەیەکی خێرایان دەرکردووە سەبارەت بە پێکدادانەکە.

وەزیری هێڵی ئاسنی هیندستان ڕوونیکردوەتەوە، پێکدادانەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئۆدیشا ڕویداوە و لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری بەهاناگا بووە، بەوتەى خۆی لەئێستادا لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەى هۆکاری ئەو ڕووداوە دەستپێکردوە.

پێکدادانى شەمەندەفەرە لە هیندستان ڕووداوێکە بەردەوام لەو وڵاتەدا ڕوودەدات، بەو پێیەى هیندستان جوگرافیایەکى گەورەی هەیە و لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە یەکەم وڵاتی جیهانە، بۆیە زۆرینەى ڕێگاکان و شارەکان بە هێڵێ شەمەندەفەر بەیەکەوە بەستراونەتەوە، بەجۆرێک چڕترین ڕێگای ئاسنینی هەیە لەسەر ئاستى جیهان، بەو هۆیەشەوە زۆرترین ڕووداوی لادان و پێکدادانى شەمەندەفەری تێدا ڕوو دەدات.

ئ.م

Comments are closed.