بەپێی هەواڵی میدیاكان، وەزیری دەرەوەی سعودیە هەفتەی داهاتوو سەردانی تاران دەكات، پەیامێكی شای سعودیە بە سەرۆك كۆماری ئێران دەگەیەنێت، سەبارەت بە پتەوكردن و فراوانكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوانیان.
میدیا عەرەبییەكان سەبارەت بە سەردانی فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە بۆ ئێران و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند هەفتەی داهاتوو دەگاتە تاران.
ڕۆژنامەی ڕای یوم لەزاری سەرچاوەكانەوە بڵاوی كردووەتەوە، هەفتەی داهاتوو فەیسەڵ بن فەرحان لە سەردانەكەیدا لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران و بەرپرسانی دیكەی ئێران كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی سعودیە لە پەراوێزی (كۆبوونەوەی وەزارەتەکانی دۆستانی بریكس) لە باشووری ئەفریقا چاوی بە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هاوتا ئێرانییەكەی كەوت.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، لە ڕێگەی تویتەرەوە ڕایگەیاندووە، لە میانی كۆبوونەوەكەدا، باسیان لە ڕێگاكانی پتەوكردنی پەیوەندییەكان كردووە لە زۆر بواردا، جگە لە بەدواداچوون بۆ هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەردوو وڵات كە لە پەكین واژۆكراون، لەنێویاندا چڕكردنەوەی دوولایەنەی كاركردن بۆ دەستەبەركردنی بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
جێگەی ئاماژەیە، لە دوای كۆبوونەوەكانی عێراق و پەكین بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی سعودیە و ئێران، لەئێستادا هەردوولا تا ئاستێكی زۆر پەیوەندییەكەیان ئاسایی بووەتەوە، هەروەها دوای چەندین ساڵ ئێران باڵیۆزی خۆی لە سعودییە كردەوە.
هـ.ئ
Comments are closed.