فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بنەمای نوێگەریی و گۆڕانکارییە

بەرپرسێکی باڵای ئیتاڵیا، باوەڕی بەوەیە کە فەلسەفە و سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک’ـی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، پرۆژەیەکی نوێیە بۆ سۆسیالیزم و ڕایگەیاند، ئەو ئەندێشە و بیرکردنەوەیە کاریگەریی لەسەر چەپگرەکانی جیهانی ڕۆژئاوا دروست دەکات.

پائۆلۆ زامۆری، سەرۆکی پێشووی شارەوانی فیلاتیەریای ئیتاڵیا، ساڵی ١٩٩٩ لە ڕۆما بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان-دا ئەنجام دەدات، لەپاش ئەو دیدارە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە و خوێننەوە لەسەر پرسی کورد و بیرۆکەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، بەهۆی تێگەیشتن لە ڕاستی و دروستی و گرنگی فکری ڕێبەر ئاپۆ، هاووڵاتیبوونی فەخری پێ بەخشیوە.

زامۆری، کە بەسەردانێک هاتبووە شنگال، لەبارەی ئەزموونی خۆی لەگەڵ بیرۆکەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

زامۆری باسی لەوەکرد یەکەم جار لە ڕۆما بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و ئەندێشەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک ئاشنا بووە و ڕایگەیاند، ئەو بیرۆکەیەی ڕێبەر ئۆجالان، کاریگەریی لەسەر چەپگرەکانی جیهانی ڕۆژئاوا دروست کردووە و وتی: کە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک ڕێگەیەکی نوێیە بۆ سۆسیالیزم و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.

جەختی کردەوە، کە ڕێبەر ئۆجالان بیرمەند و تیۆریسیانێکی گەورەیە، هەربۆیە لە هەوڵدایە  ئەندێشەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیتالیا بڵاو بکاتەوە.

زامۆری باسی لەوەشکرد، کە دۆخی شنگال مایەی نیگەرانییە، لەو ڕۆژەوەی لەوێیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی لەسەر ئەنجام دەدرێت، خاڵەکانی پشکنین لە دەوروبەری شنگال زیادیان کردووە و وتی، لە بەرامبەر ئەوەشدا هاوڵاتیانی شنگال زیاتر لە بواری ئایدۆلۆژی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک پێداگیر بوون.

زامۆری ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پەدەکە و حکومەتی تورک دەربڕی و وتیشی، “پەکەکە و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان فێریان کردین کە دەبێت خۆمان بپارێزین، ناکرێت ئێمە داوا لە کەسانی دیکە بکەین کە بمانپارێزن”.

زامۆری ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو شتانەی لە شنگال بینیوویەتی لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئیتاڵیا بۆ گەل و کاربەدەستانی دەگێڕێتەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.