هێزەكانی سووریای دیموكراتیک- قەسەدە، ٥٠ زیندانی داعش کە عێراقین، لەگەڵ ١٦٨ خێزانی چەتەکانی داعشیان لە کامپی هۆلەوە رادەستی عێراق کردەوە.
گەڕاندنەوەی ئەو چەتانەی داعش کە عێراقین لەگەڵ خێزانەکانیان لە كامپی هۆڵ، لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بەردەوامە.
سەرچاوەیەک لە ناو حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، ٥٠ ئەندامی داعش و١٦٨ خێزانی چەتەکانی داعشیان لە هێزەكانی سووریای دیموكراتیک-قەسەدە وەرگرتووە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو چەتانە دەگەڕێندرێنەوە و لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریی عێراقدا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و دادگایی دەكرێن.
بەپێی سەرچاوەكەی حكومەتی عێراق، ئەو ١٦٨ خێزانەی چەتەكانی داعش لە ناوەندی كامپی جەدعە كە دەكەوێتە باشووری موسڵ دادەنرێن، بەمەرجێك دەبێت قۆناغێكی چاكسازیی دەروونی تەواو بكەن، دوای دڵنیابوونەوە لێیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونیان.
جێگەی ئاماژەیە، كامپی هۆل یەكێكە لە گەورەترین كامپەكان، كە خێزان و ئەندامانی چەتەكانی داعشی تێدایە و دەكەوێتە رۆژئاوای كوردستان و نزیكەی ٧٠ هەزار هاوڵاتی سووری و هەڵگرانی ڕەگەزنامەی جۆراوجۆری وڵاتانی جیهانی تێدایە، لەنێویاندا زیاتر لە ٣٠ هەزار كەسیان هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقین.
هـ.ئ
Comments are closed.