پەیامەکانی پشت کابینەکەی ئەردۆغان چین و بۆ کورد چی پێیە؟

ئەردۆغان، کابینەی نوێی پێکهێنا لە پیاوانی دەوڵەت و ئەندامانی ئاکەپەی دوورخستەوە، چاودێرانیش بە کابینەی نزیک لە ئەمریکا و بەریتانیا ناوزەدی دەکەن، ئەوانەی سیاسەتی حکومەتی داهاتووی تورکیا ڕەنگڕێژ دەكەن، پەروەردەکراوی دەوڵەت و سیستەمن و ئامادە کراون، پێشتریش ئەرکی هەستیاریان هەبووە، ئەمەش دوو شیمانەی بۆ دەکرێت، یان دەرگای گفتوگۆ بەڕووی کورددا دەکەنەوە، یان قڕکردنی کوردان چڕتر دەکەن.

٣ـی حوزەیران، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سوێندخواردنی یاسایی وەك سەرۆك كۆماری توركیا، كابینەی حكومەتەكەی ڕاگەیاند، بە تێڕوانین لە باگراوەندی هەریەك لەوانەی كراون بە وەزیر، دەردەكەوێت هەموویان ئامادەکراوی دەستی دەوڵەتن و ئەرکی هەستیاریان هەبووە.

هەربۆیە كابینەی حكومەتەكەی ئەردۆغان بە كابینەی دەوڵەت ناودەبرێت و كابینەیەكی حزبی نییە، هیچ ئاماژە و ڕەنگێكی ئاكەپە بەسەر نەخشی نوێی حكومەتی توركیاوە دیارنییە.

جێگری سەرۆك كۆمار و وەزیری ناوخۆ و بەرگریی و دەرەوە، چوار پۆستی هەستیاریی ناو حكومەتی توركیان، ئەردۆغان بۆ هەریەكەیان، كەسانی پەروەردەكراوی دەستی دەوڵەتی توركی داناوە و خاوەن ئەزموونی دەوڵەمەندن.

جەودەت یەڵماز، جێگریی ئەردۆغان، بە ڕەچەڵەك كوردی زازایە و لە بینگۆل و لە ساڵی ١٩٦٧ لەدایكبووە و سەرەتا لە دانانی ستراتیژییەتی دەوڵەتدا كاری كردووە و دواتر لە ئاژانسی نەتەوەییدا كاری كردووە و لەم دوایانەیشدا، لە پەرلەمانی توركیا لە لیژنەی پلاندانانی بودجەدا بەرپرسیارێتی هەبووە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، لە ساڵی ١٩٦٨ لە ئەنقەرە لەدایکبووە و بە ڕەچەڵەک کوردە و خەڵکی شاری وانی باکووری کوردستانە و لە عەشیرەتی حەسەنییە، لە خوێندنگای هێزی زەمینی توركیادا پەروەردەی بینیوە و هەر لەوێدا لە بواری زماندا پەروەردەی بینیوە.

لە سیاسەت و زانستی بەڕێوەبردندا بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستهێناوە و لە ساڵی ٢٠١٠ كراوە بە ڕاوێژكاریی دەزگای سیخوریی میتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ، خەڵكی كۆنیایە و بەڕەچەڵەک تورکە و ساڵی ١٩٦٨ لەدایكبووە و بڕوانامەی زانستی سیاسەت و بەڕێوەبردنی هەیە و لە قایمقامییەتییەوە دەستی پێكردووە و لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٨ والی شرناخ بووە و لەم داوییانەیشدا چوارساڵ والی ئیستەنبووڵ بووە.

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی، بە ڕەچەڵەک تورکە و ساڵی ١٩٥٤ لە شاری ئەردەخان، كە شارێكی كوردییە لە دایكبووە، ساڵی ٢٠٠١ بووە بە جەنەراڵ و ساڵی ٢٠١٨ بووە بە سەرۆك ئەركانی سوپای توركی داگیرکەر.

هەرسێ وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی و دەرەوە و جێگرەکەی ئەردۆغان، پایەیەكی سەرەكی حكومەتەكەی ئەردۆغانن و ئەوان سیاسەتی حكومەت دادەڕێژن و پێنج ساڵی ئایندەی دەوڵەتی تورك ئەوان ڕەنگڕێژیی دەكەن.

ئەو چوار كەسەی ڕۆڵی بنەڕەتییان پێسپێردراوە، دوانیان كوردن، بەڵام لە منداڵییەوە لەناو سیستەمی دەوڵەتدا پەروەردەكراون و لە كورد بوون داماڵراون، تەنانەت خودی خۆشیان دان بە كوردبوونی خۆیاندا نانێن و ئینكاری لە ڕەچەڵەكی ڕاستەقینەی خۆیان دەكەن كە كوردە.

كابینەی ئەردۆغان كابینەیەكی دەوڵەتییە و زۆرینەی ئەوانەی وەزارەتیان پێسپێردراوە لە منداڵییەوە دەزگای تایبەتی دەوڵەتی تورك ئامادەی كردوون، زۆرینەیان لە ئەمریكا و ئەورووپا پەروەردەیان وەرگرتووە، هەروەها سیاسەتی كابینەكە نزیكە لە سیاسەتی ئەمریكا و بەریتانیان بەتایبەت لە ڕووی ئابوریی و سیاسییەوە.

كابینەكە لەناو سیستەمی دەوڵەتدا و لە شەڕی دژی كورددا مێژوویەکی خوێناوییان هەیە، بەتایبەت وەزیری ناوخۆ ١١ ساڵ والی شرناخ بووە، کە ناوەندی شەڕیی دەژ بە کورد بووە، هەروەها هاكان فیدان ١٣ ساڵ سەرۆکی میت بووە و وەزیری بەرگریی ئێستاش، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تائێستا، سەرۆك ئەركانی سوپای تورك بووە و لەسەردەمی ئەودا هێرشەكانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورك بۆسەر كورد گەیشتووەتە ترۆپک.

بە بڕوای چاودێران، دوو شیمانە بۆ كابینەكەی ئەردۆغان دەکرێت، یان ئەوەتا شەڕ لە دژی كورد فراوانتر دەکات، یان بەپێچەوانەوە ڕێگای گفتوگۆ و چارەسەریی هەڵدەبژێن، بەڵام ڕێگای یەکەم ئەگەریی زیاترە.

سرووشتی كابینەكە دەریدەخات، كە سیاسەتی ئەمریكا و بەریتانیان كاریگەریی لەسەر سیاسەتی حكومەتەكەی ئەردۆغان دەبێت، تا ڕادەیەك ئەمریكا لەگەڵ ڕێگەچارەی ئاشتیدایە، بەڵام بەو پێیەی بەریتانیا شەڕی كورد و دەوڵەتی تورك لە بەرژەوەندی خۆی دەبینێت و لایەنگریی ئاشتی نییە، ڕەنگە خواستی ئاشتی ڕێبەند بکات.

ئەوانەی پێشتر بەدژە كورد ناسرابوون و سیاسەتیان بە تەواوی دژی كورد و پاكتاوكردنی كورد بوو، لەم كابینەیەدا دوورخرانەوە و وەلانران، وەك سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆیی پێشوو و خولیسی ئاكار، وەزیری بەرگریی پێشوو، ئەمەش وەک لایەنێكی ئەرینی كابینەكەی ئەردۆغان دەبینرێت.

چاودێرانی سیاسی بە هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتی کابینەکانی پێشوتری تورکیا، پێیان وایە، ئەم كابینەیە ڕۆڵی چاككردن”سیانە”كردن دەبینێت، لە پەیوەندییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لەگەڵ بەریتانیا و ئەمریکا و ئەرووپا، بەوپێیەی دوورە لە سیاسەتی ڕووسیاوە.

س.س

Comments are closed.