پەیوەندییە ئاشکرا و نهێنییەکانى نێچیرڤان بارزانى جێگری سەرۆکى پەدەکە و سەرۆکى کاربەڕێکەریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەردۆغان و کەسایەتییە فاشیستەکانى تورکیا مێژووییەکى کۆنى هەیە، ئەو لەیەک کاتدا چەپڵە بۆ جەلادی کوردان لێدەدات و سوپاسی ئەو کەسانەش دەکات پشتیوانیان لەو بکوژە کردووە کە ئەردۆغانە.
ڕۆژی ٢٨ی ئایاری ئەمساڵ، هێشتا بەتەواوەتى ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕانەگەیەنرابوو، نێچیرڤان بارزانى جێگری سەرۆکى پەدەکە، پیرۆزبایی گەرمی لە ئەردۆغانی دۆست و ئاغای کرد، کە ساڵانێکە نێچیرڤان بارزانى جێبەجێکاریی بڕیارەکانییەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
پەیوەندی ئاشکراو ژێر بەژێری نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ ئەردۆغان، کە دوژمنی خوێنخۆریی کوردە لە ئاستێکی باڵا دایە، ٣ـی حوزەیران کە مەراسیمى سوێندخواردنى ئەردۆغان بوو لە کۆشکی جان کایە، نێچیرڤان بارزانىش بانگهێشت کرا بوو، لەڕیزی پێشەوەى میوانەکان دانیشتبوو.
ئەردۆغان لەکاتى بەخێرهاتنی نێچیرڤانی بارزانىدا دەستى خستە سەر شانی، ئەمەش زۆر بە سادەیی گوزارشت لەوە دەکات، کە کەسێکی ئەڵقە لە گوێ و پابەندە بە بڕیار و سیاسەتەکانییەوە.
لەدرێژەی مەراسیمەکەدا، بارزانى بە بەردەوامى چەپڵەی بۆ ئەو وتە ژەهراوییانە لێدەدا، کە لە دەمی ئەردۆغانەوە دەردەچوون، بەو وتانەشەوە کە لە دژی گەلی کورد دەیوتنەوە.
ئەردۆغان لەکۆتایی وتارەکەیدا ناوی هەموو ئەو سەرۆک و کەسایەتییانەى خوێندەوە و سوپاس و ستایشی تایبەتى کردن کە ئامادەی مەراسیمی سوێندخواردنەکەی بوون، بەڵام ناوی نێچیرڤان بارزانى نەهێناو سوپاسی نەکرد، کە لەڕیزی پێشەوە و بەرامبەر ئەردۆغان دانیشتبوو.
هەر لە مەراسیمەکەدا نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ سینان ئۆغان دەردەکەوێت، کە کەسایەتییەکی دژە کورد و فاشیستە و لە کاندیدی سەرۆک کۆماریی کشایەوە بۆ سوودی ئەردۆغان.
هەر لەوێدا نێچیرڤان بارزانى سوپاسی سینان و سەرۆکی هودا پاری کردووە، کە پشتیوانیان لە ئەردۆغان کردووە و سەریان خستووە.
سینان کەسایەتییەکى ڕەگەزپەرست و فاشیستی هەیە، هەموو توانای سیاسی خۆی بۆ دژایەتى گەلی کورد بەکارهێناوە، دژایەتییەکەى بەرامبەر کورد بە جۆرێکە ئامادە نەبوو، بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنى پەرلەمانتاران بکات، تەنیا لەبەر ئەوەى پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز هەبوون لە ناو پەرلەماندا، ئەمەش خۆی دانی پێدا نا.
مەولود چاوش ئۆغلو، وەزیری پێشووی دەرەوەى تورکیا، یەکێکی تر لە هاوڕێکانی نێچیرڤان بارزانی، کەسایەتییەکی فاشیست و ڕەگەزپەرستی تورکیایە، کە بۆ دژایەتى گەلی کورد و لەناوبردنى کورد وڵاتان گەڕاوە، بۆ دژایەتى کردنی کورد، کۆدەنگی دروست کردووە، بەڵام نێچیرڤان بارزانى بە قاقای پێکەنینەوە لەگەڵ ئەو فاشیستە کۆدەبێتەوە و خۆشحاڵی دەردەبڕن بەو پەیوەندییە ناپاکەی کە هەیانە.
هـ.ح
Comments are closed.