ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ پەدەكە لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکى هاوبەش، دەشڵێت: لە ئێستادا گفتوگۆ لە نێوان هەردوولا بەردەوامە سەبارەت بە ماددەی ١٤ و ١٣ی بودجە.
لەسەر دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و ناكۆكییەكان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە، شاندی دانووستانكاریی پەدەكە و چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامن لە گفتوگۆ، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە هیچ چارەسەر و ڕێککەوتنێکی کۆتایی.
موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەمیدیا ناوخۆكانی ڕایگەیاندووە، شاندی دانوستانكاری چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ پەدەکە لەسەر میكانیزمی دەستووری و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکى هاوبەش.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا بەردەوامە سەبارەت بە ماددەی ١٣و ١٤ی بودجە، كە لە ١٢ بڕگە پێكهاتووە، شەش بڕگەیان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی حكومەتدا لە سەری ڕێككەوتوون، هەروەها شەش بڕگەی دیكەش گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، چونكە هەرێمی کوردستان بە دەستوەردان لە كاروبارەكانی دەزانێت.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیكردەوە، دانوستان لە ئارادایە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم، هەروەها ڕێگریكردن لە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی پارێزگای نەینەوا و كەركوك لەلایەن حکومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
لەكۆتایشدا کازمی پێشبینیکردوە، لەماوەی هەفتەی داهاتوودا بابەتە و ناكۆكییەكان دەگەنە چارەسەری مامناوەند، هەروەها هۆشداریشیدا لەوەی لیژنەی دارایی هەمواركردنەوە لە بودجەدا دەكات وخشتەكان تەواو دەكات و ڕەوانەی پەرلەمانیان دەكات بۆ دەنگدان.
ئەم گفتوگۆیانە لەکاتێکدایە، کە لەجیاتى حکومەتى هەرێمی کوردستان، شاندێکی پەدەکە بەجیا کەوتووەتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانى بەڕێوەبردنى ئیدارەى دەوڵەت، لەکاتێکدا پێشتر وەزیری دارایی هەرێم و لیژنەیەکى حکومەتى تایبەمەند ئەو گفتوگۆیانەیان لەسەر پرسی نەوت و دارایی دەکرد.
هـ. ئ
Comments are closed.