شەنیاشارییەکان لە ڕۆژی ٨٠٤مینی ئێشکگریی دادپەروەرییدا بانگەوازییەک دەکەن

بنەماڵەی شەنیاشار، کە لە ٢٠١٨ دا، لە رحا لەلایەن ئاکەپەوە کەسوکارەکەیان کۆمەڵکوژ کرا، ٨٠٤ ڕۆژە بەردەوامن لە ئێشکگریی دادپەروەریی و بانگەوازیی دەکەن، کە لە بەرامبەر ستەمی دەسەڵاتدا کەس بێدەنگ نەبێت، دەشڵێن: تێکۆشانی ئێمە لە پێناو ماف، یاسا و دادوەرییدا بەردەوام دەبێت.

دارودەستە و پاسەوانانی ئیبراهیم خەلیل یەڵدز، پەرلەمانتاری ئاکەپەی رحا، لە ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠١٨، لە ناوچەی پرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار و لە ئەنجامی هێرشەکەدا، هاوژین و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار کوژران.

دواى ڕووداوەکە ئەمینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی لە ٩ـی ئاداری ٢٠٢١وە لە بەردەم دادگای رحا دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کردووە تا ئەمڕۆ.

بنەماڵەى شەنیاشار لە ڕۆژی ٨٠٤مینی ئێشکگریی دادپەروەریدا، بەهۆی پشووی دادگاوە ، لە ماڵەکەی خۆیان لە ناوچەی پرسوسی رحا درێژەیان بە چالاکییەکەیان دا.

بنەماڵەى شەنیاشار لە ڕۆژی ٨٠٤مینی چالاکییەکەیاندا، ئەم پەیامەیان بڵاو کردەوە، “ئەوانەی بەرامبەر بە ستەمی دەسەڵات بێدەنگ دەبن، بە بڕوای ئێمە جیاوازییان لە گەڵ ستەمکارەکاندا نییە.”

دەشڵێن: لەبەرامبەر ئەم ستەمەى بەرامبەر بە ئێمە کراوە بێدەنگ مەبن و بە زووترین کات دادپەروەریی بەدەست دەهێنن و تێکۆشانی ئێمە لە پێناو ماف، یاسا و داد تا چەسپاندنی دادپەروەری بەردەوام دەبێت.

ئ.م

Comments are closed.