کچە خوێندکارێکی بەشەناوخۆیی سۆران لە ڕووداوێکی گوماناویدا کەوتە خوارەوە

کچە خوێندکارێکی زانکۆی سۆران، لە نهۆمی چوارەمی بەشەناوخۆیی زانکۆکە کەوتە خوارەوە و بەپێی زانیارییەکان سەر و قاچ و دەست و ڕانەکانی شکاون و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران لە ژێر چاودێری پزیشکیی چڕدایە.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ خوێندکارێکی قۆناغی دووەم، لە بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی سۆران، لە نهۆمی چوارەمی بەشە ناوخۆیی زانکۆکە کەوتووەتە خوارەوە، تا ئێستا هیچ زانیاریەکی فەرمی نییە لەسەر هۆکاری کەوتنە خوارەوەی.

سەرچاوەیەک لەبەشی کۆمەڵناسی زانکۆی سۆران بەڕۆژنیوزی وت: ئەم کچە خوێندکارە هیچ کێشەیەکی دەروونی نەبووە و باری تەندروستی و دەروونی زۆر باش بووە، هەروەها کچێکی ڕەوەشت بەرز و خاوەن مەعریفە بووە ، بۆیە نازانین هۆکاری کەوتنەخوارەوەکەی چییە.

ئەوسەرچاوەیە وتیشی: ئێمە لەبەشی کۆمەڵناسیی ئەو هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە کە لەبەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوکراوتەوە گوایە ئەم خوێندکارە نەخۆشی دەروونی هەبووە، بەپێچەوانەوە خوێندکارەکە هیچ کێشەیەکی نەبووە، بەڵام دەبێت هۆکار و پاڵنەری ئەم ڕووداوە دەستنیشان بکرێن و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت.

لەبارەی ڕەوشی تەندروستی ئەو کچە خوێندکارەوە، پزیشکێک لە بەشی فریاکەوتنی سۆران بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، باری تەندروستی کچە خوێندکارەکە ناجێگیرە و زیانی زۆر بەر سەرو قاچ و دەست و ڕانەکانی کەوتووە، بەشێکی زۆری جەستەی تووشی شکان بوە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکەکان دایە، وتیشی بەهۆی سەختی برینەکانی ڕەنگە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر بکرێت.

کچە خوێندکارەکە ناوی دیلان’ـە و دانیشتووی سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆرە، تاکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لە پۆلیس و زانکۆی سۆران و نەخۆشخانە هۆکارەکەی ئاشکرا نەکردووە.

ش. ئـ

Comments are closed.