باندێکی جادوگەر و ماددەی هۆشبەر لە چەمچەماڵ دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی هەرێم حەوت کەسی بە تۆمەتی ( سحر و جادوو ) بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرد.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی چەند کەسێکی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ڕاگەیاند کە تۆماتبار بوون بە ئەنجامدانی سحر و جادوو، هەروەها بەکارهێنەر و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە .

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە، لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێری و بەدواداچونی وورد ، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە لە بەرواری ٢٠٢٣/٥/٢٥ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ حەوت کەسیان لە ئەندامانی خێزانێک دەستگیرکرد کە هەستاون بە ئەنجامدانی سحر و جادوو نوشتە لە هاوڵاتیان بە ڕێگەی جیاواز بۆ مەبەستی جیاواز .

ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( حەشیش و کریستاڵ ).

ئەوەش هاتوە، بەفەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە دەستبەسەر سەرجەم ئەو کەلوپەل و کەرەستە و وێنانەدا گیرا کە جادوو سحر و نوشتەیان پێوەدەکرد و لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بە مادەی ( ٢٥ ) لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە .

ر.س

Comments are closed.