سەرۆکی سوریا بانگهێشتنامەیەکی ئاڕاستەی سودانی کرد

محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریاوە بۆ سەردانیکردنی دیمەشق پێگەیشت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ پێشوازی لە فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی کۆماری عەرەبی سوریا کردوە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵاتی برا و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان کراوە.

وەزیری دەرەوەی سوریا  بانگهێشتنامەیەکی بۆ محەمەد شیاع سودانی گەیاندوە بۆئەوەی سەردانی دیمەشق بکات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئاسۆی زیاتری هاریکاری دو قۆڵی و هەماهەنگی کاری هاوبەش بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگی یەکپارچەیی خاکی سوریا بۆ عێراق کرد، هەروەها وابەستەیی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی لەگەڵ ئاسایشی سوریا دوپاتکردەوە و جەختیشیکردەوە، لەسەر ئامادەیی تەواو بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا بۆ تێپەڕاندنی ئازار و قەیرانەکانی.

لای خۆیەوە فەیسەڵ میقداد پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوەکانی عێراق و ڕۆڵی سەرەکی عێراق لە ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی پەیوەندی نێوان برایانی عەرەب و وڵاتانی ناوچەکە دەربڕی و جەختیکردەوە، لەسەر خواستی کارکردنی پێکەوەیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و گرنگیدان بە دۆسیەی پەنابەران.

 

ر.س

Comments are closed.