تا چوار ڕۆژی تر بودجە تێنەپەڕێت لە هەرێم کێشەی مووچە سەرهەڵدەدات

ئەگەر تا چوار ڕۆژی تر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەكرێت، ئەوا كێشەی مووچە لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، بەوپێیەی لە نۆی ئەم مانگەوە پەرلەمانی عێراق دەكەوێتە پشووەوە و چارەنووسی پرۆژەیاسای بودجە بە ناڕوونی دەمێنێتەوە.

دوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس و پابەندبوونی توركیا بە بڕیارەكەوە، حكومەتی عێراق هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی ڕاگرت، ئەمەش هەرێمی ناچاركرد بەڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و فرۆشتنی نەوتەكەی لەڕێگەی بەغداوە.

كۆتایی مانگی ئادار، هەرێم و بەغدا ڕێككەوتنێكیان ئیمزا كرد، بەپێی ڕێككەوتنەكە، نەوتی هەرێم لایەن كۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و هەروەها، نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، ئەمەش لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیر كرا.

لە ئێستادا، بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكانەوە پرۆژەیاسای بودجە پەسەند نەكراوە و لە نۆی ئەم مانگەشەوە، پەرلەمانی عێراق دەكەوێتە پشووەوە و چارەنوسی پرۆژەیاسای بودجە بە نادیاری دەمێنێتەوە.

بەوپێیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن سۆمۆوە و ناردنی پشكی هەرێم لە بودجەدا جێگیركراوە، بەغدا جگە لە پێدانی قەرز، ناتوانێت هیچ پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت، هەرێمیش بەهۆی ئەوەی هەناردنەكردنی نەوتەكەی ڕاگیراوە ناتوانێت بەبێ بەغدا مووچە دابین بكات.

پەرلەمانی عێراق یان تا نۆی ئەم مانگە بودجە پەسەند دەكات، یان ئەوەتا پشووەكەی دوادەخات تا پەسەندكردنی بودجە، یان پەسەندكردنی بودجە دەكەوێتە دوای پشووی پەرلەمانەوە، كە ماوەکەی مانگێكە.

لە ئەگەری پەسەندنەكردنی پرۆژە یاسای بودجەدا، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە و توانای دابینكردنی مووچەی نابێت، دەبێت تا كۆتایی هاتنی پشووی پەرلەمان چاوەڕێ بكات، ئەمەش گرفت بۆ مووچەخۆران دروست دەكات و ڕەنگە مووچەی مانگێكیان بفەوتێت.

لەسەر ئەو پرسە، ئیمان عەبدولڕەزاق، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، وەرزی یاسادانانی پەرلەمان بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا پەسەندکردنی بودجە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە لە ئێستادا یەکلایی کردنەوەی بودجە کەوتووەتە تونێلێکی تاریک و لەدەستی لیژنەی داراییدا نەماوە.

باسی لەوەش کردووە، تائێستا ھیچ ھەواڵێک نییە کە ئاماژەبێت بۆ ڕێککەوتنی سیاسی بەمەبەستی پەسەندکردنی بودجە، بۆیە لەم ھەفتەیەشدا ڕەنگە بودجە پەسەند نەکرێت.

هەرچەندە كۆتایی مانگی ڕابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاپۆرتی كۆتایی خۆی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە نوسی، بەڵام حكومەتی هەرێم ڕەتی كردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕەشنووسەی لیژنەی دارایی ئامادەی كردووە پێچەوانەی ڕێككەوتنی پێشووی هەرێم و بەغدایە.

لە ئێستادا پشكی هەرێم كێشەی سەرەكی بەردەم تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراقەوە و هەرێمی كوردستان لە دانوستان دایە لەگەڵ لایەنەكانی ئیدارەی دەوڵەت، بۆئەوەی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگیر بكرێت.

س.س

Comments are closed.