بەهای لیرەى تورکى بۆ نزمتری ئاست لە مێژوودا دابەزیی

دواى هەڵبژاردنەوەى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دابەزینى بەهاى لیرەى تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیی بەردەوامە و ئەمڕۆش لە بازاڕەکانی جیهاندا ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر دوو هەزار و ١١٢ لیرە مامەڵەی پێوەکر، ئەمەش نزمترین ئاستە لە میژوودا.

ئەمڕۆ دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى لە بازاڕەکانى جیهاندا لە بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى ئاستێکى پێوانەیی تۆمارکرد، بە جۆرێک لە ئێستادا هەر ١٠٠ دۆلارێکى ئەمریکى بەرامبەرە بە دوو هەزار و ١١٢ لیرەى تورکى.

لە مێژووی دراوی تورکییدا، ئەمە جاری یەکەمە دابەزینی بەم شێوەیە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم دابەزینە بەرچاوە لە کاتێکدایە لە ماوەکانى ڕابردووشدا بانكی ناوەندی توركیا كەمكردنەوەی ڕێژەی سوودی بانكی وەک یەکێک لە ڕێكارانەکان گرتەبەر، بۆ ڕێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای لیرە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرە زیاتر بەهای خۆی لەدەست دەدات.

لە ڕۆژى ٢٠ـی مانگى تەمووزیى ساڵى ڕابردوو بانکی سوستییە جەنەراڵ’ـی فەڕەنسیی بڵاوی کردەوە، لە داهاتوودا بەهای لیرەی تورکیی بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى زیاتر دادەبەزێت، بەجۆرێک نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر دەبێت بە دوو هەزار و ٢٠٠ لیرەی تورکی.

ئەم دابەزینە لەدوای ئەوە دێت، کە رۆژى ٢٨ى مانگى ڕابردوو ئەردۆغان بۆ جارێکى دیکە بە سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە، وەک شارەزایانى بواری ئابوریش پێشبینیان کردبوو، نرخى لیرەى تورکى بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لە داهاتووشدا بەهۆى خراپى سیاسەتەکانى ئەردۆغانەوە بەهاى لیرە بەرامبەر دۆلار بەهاکەی زیاتر لەدەست دەدات.

ئ.م

Comments are closed.