لە ڕۆژی ژینگەدا وێرانکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ژینگەی کوردسان بەردەوامە

٥١ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دیاریی کردنى ڕۆژی جیهانى ژینگەدا، جیهان ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی ژینگەیی بووەتەوە، کە لەسەر دەستى مرۆڤ خۆی و لەلایەن دەوڵەتانى زلهێز و داگیرکەرەوە مەترسییەکە زۆر زیاتر بووە، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە جوگرافیای جیهان ڕووبەڕووی چەندین مەترسی بووەتەوە، لەوانەش وشککردنى سەرچاوەى ئاو، بۆردوومان، بڕینەوەی دارستان، بەکارهێنانی گازی قەدەغەکراو لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە.

ئەمڕۆ ٥ی حوزەیران، بە ڕۆژی جیهانی ژینگە ناسراوە “ئێمە تەنیا یەك خاكمان هەیە”، دروشمی كۆنفڕانسی ستۆكهۆڵمی ساڵی ١٩٧٣ بوو كە بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان دامەزرا، تا ئەمڕۆش ساڵانە لەو ڕۆژەدا چالاکیی جۆراوجۆر لەسەرانسەری جیهان بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەدرێت، دوای ٥١ ساڵ لەو کۆنفڕانسەکە، کە کرایە ڕۆژی جیهانی ژینگە،  جیهان بەدەست چەندین کێشەو قەیرانی ژینگەییەوە دەناڵێنێت، کە بوونەتە گەورەترین مەترسی لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتى و ژینگە.

ژینگەى هەرێمی کوردستان چۆن قڕ دەکرێت؟

لە هەرێمی کوردستان بەدوو ڕێگا کار لەسەر پیسکردن و تێکدانى ژینگە دەکرێت، یەکێکیان ناوخۆییە و لەلایەن هاوڵاتیان و حکومەت و دەسەڵاتدارانى باشووری کوردستانەوە دەکرێت، وەک پیسکردنى ڕووبارەکان، بڕینەوەى دارستانەکان، دروستکردنی کارگەی پیشەسازی، کێڵگە نەوتییەکان، دووەمیان دەرەکییە و لەلایەن دەوڵەتانى تورک و ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن، وەک تۆپباران، بڕینەوەی دارستانەکان، چەکی کیمیایی، هێرشی زەمینی، کوێرکردنەوەى سەرچاوەکانى ئاو لە کانیاو و کارێز و جۆگەلە و ڕووبارە بچووکەکان، گرتنەوەى ئاوی ڕووبارەکان.

جێنین پلاسخارت
جێنین پلاسخارت

مانگی ڕابردوو جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە كۆڕبەندێکدا لە بەغدا ڕایگەیاند، توركیا بەهۆی ئەو بەنداوانەی لەسەر سنوورەكان دروستیكردووە، لەگەڵ ئەو بۆردومانانەى ئەنجامی دەدات مەترسی لەسەر عێراق دروستکردوە.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ١٠ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بۆردوومان و هۆكارە ناوخۆییەكانەوە زیاتر لە یەك ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆنم دارستان و پوش و پاوان سوتاون، بەڕێژەی لە ٣٥٪ ی هۆكاری ئەو ئاگركەوتنەوانە لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی دەوڵەتانى داگیرکەری توركیا و ئێران بووە.

بێگەرد تاڵەبانی
بێگەرد تاڵەبانی

پێشتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندبوو: هێرشە بەردەوامەکانی وڵاتانی دراوسێ کاریگەری لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان کردووە، بەهۆی ئەم هێرشانەوە ڕووبەرێکی زۆری دارستانەکانمان لەناودەچێت و دەسوتێنرێت، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق ساڵی ڕابردوو، بەیاننامەیەکی فەرمیمان لەبارەی پێشلکاریەکانی سەر خاکی کوردستان و عیراق دەرکرد.

دەوڵەتى تورک لە ساڵی ٢٠٢١ دا نزیکەى هەزار جار و لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە سێ هەزار جار چەکی کیمیایی لە ناوچەکانى هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە، ئەوە جگە لەو بۆردومانانەى دیکە بە فڕۆکەی جەنگی و تۆپبارانکردن کراون.

سوپای تورک لە سنووری زاخۆ و بەرواریی باڵا و گوندەکانی دەرییە داودییە، کەشان، دەشتی بەشیر ئاغا، باس ئاغا، کانی قەزە، ئانش، شاران شا، گوندە مەسیحییەکان، ناوچەی خانتوور و هەفتانین دەستیان بە بڕینەوە و بە تاڵانبردنی داری دارستانەکانی ئەو دەڤەرانە کردووە و بە بارهەڵگر دەیانگوازێتەوە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان و بازرگانی پێوەدەکەن.

دەوڵەتى تورک  لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش بەردەوامە لە وێرانکردنى ژینگە ئەویس ببڕینەوەى دارستانەکان و دار زەیتوون و باخ و باخاتەکان، ڕژێمی ئێرانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەورەترین زیانى بە ژینگە گەیاندوە، بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵات لەماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا، ڕژێمی ئێران نزیکەی ٩٠٠ هەزار دۆنم زەوی دارستانەکانى لە ڕۆژهەڵات تێکداوە.

پێشتر عەبدولڕەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی پاڕاستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، هەبوونی شەڕ لە ناوچەکانی کوردستان و بەکارهێنانی جۆرەکانی چەکی کیمیایی کاریگەری لەسەر ژینگەی کوردستان دورستکردووە و سروشتی کوردستان تێکچووە.

هـ.ح

Comments are closed.