بۆ زیادكردنی سەوزایی لە سەیدسادق ماڵ بەماڵ نەمام دابەشدەكرێت

سەیدسادق

لەڕۆژی جیهانی ژینگەدا لە شارۆچکەى سەیدسادق بەمەستى زیادکردنى سەوزایی و هاندانى هاوڵاتیان بۆ چاندنی نەمام و سەوزایی، هەڵمەتێکی دابەشکردنى نەمام بەسەر ماڵاندا دەستی پێکرد.

ئەمڕۆ ٥ی حوزەیران ڕۆژی جیهانی ژینگەیە و بەو بۆنەیەوە لەسەرانسەری جیهان چالاکی جۆراو جۆر بۆ پاراستنى ژینگە و هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتی بەڕێوە دەچێت، لە هەرێمی کوردستانیش لەو ڕۆژەدا بە چالاکی نەمام چاندن و سەوزکردنى شەقام و پاڕک و شوێنە گشتییەکان یادی دەکرێتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لەشارۆچكەی سەیدسادق لەسنوری پارێزگای سلێمانی، گەنجێك بەشێوەی خۆبەخش ٢٠٠ نەمامی (دار توو)ی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرد.

فازیل ئەحمەد
فازیل ئەحمەد

فازیل ئەحمەد چالاكوان و سەرپەرشتیاریی پڕۆژەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمڕۆ بەبۆنەی ڕۆژیی جیهانی ژینگەوە بەپێویستمان زانی بۆ باشكردنی زیاتری ژینگەو ڕێژەی سەوزایی شارەكەمان، 200 نەماممان ماڵ بەماڵ دابەشكردوە بۆ ئەوەی لەبەردەم دەرگاكانیان بنێژن.

ئاماژەى بەوەشکرد، جۆری دارەکان (دار توو) بووەو بەرزیی دارەكانیش دوومەترە، وەک خۆی دەڵێت:تەنها ئامانجمان ئەوەیە دەمانەوێت ڕێژەی سەوزایی زیاد بكەین.

هاوکات نەرمین عەلی، هاوڵاتییەکى شارۆچکەکەیە و لەبارەى گرنگی ئەو هەڵمەتەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: دابەشكردنی نەمام بەسەر هاوڵاتیان بۆ ناشتن، بەمجۆرە كارێكی باش و جوانە، سیمای گەڕەك و شارەكەمان سەوز جواندەكات، گرنگە هەموومان پێكەوە بەمجۆرە بەشداربین و ڕێژەی سەوزایی زیادبكەین، بۆ ئەوەی ژینگەیەكی پاكو جوانمان هەبێت.

هەر ئەمڕۆ بەبۆنەى ڕۆژی جیهانى ژینگەوە لە ژمارەیەک لە شارو شارۆچکەکانى هەرێمی کوردستان هەڵمەتى نەمام چاندن بەڕێوە چوو، بڕیاریشە ڕۆژانى داهاتوو چالاکی دیکە بەو بۆنەیەوە ئەنجام بدرێن.

هـ.ح

Comments are closed.