لەپاش حەوت ساڵ ئێران باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە سعودیە دەكاتەوە

سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئێران ڕایگەیاند، دوای نزیكەی سێ مانگ لە ڕێككەوتن بۆ ئاسایی كردنەوەی  پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، سبەینێ ئێران باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سعودیە دەکاتەوە، ئەمەش دوای حەوت ساڵ لە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان هەردوو وڵات دێت.

ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، سبەینێ سێشەممە كاتژمێر ٦ـی ئێوارە، بە ئامادەبوونی باڵیۆزی دیاریی كراوی ئێران لە سعودیە، ڕێوڕەسمی كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران بەڕێوەدەچێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئێران عەلی ڕەزا عینایتی وەك باڵیۆزی نوێ لە سعودیە دەستنیشان كردووە، بەڵام ئەم دەستنیشان كردنە بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ڕانەگەیەندراوە.

لە دوای تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوانی ئێران و سعودیە و دەركردنی باڵیۆزەكانی هەردوو وڵات، هەروەها داخستنی باڵیۆزخانەكانیان بۆ ماوەی حەوت ساڵ، بەڵام ئێران و سعودیە نێوەندگیریی عێراق و چین گەیشتنە ڕێككەوتنێك بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانەكانیان و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی هاریكاریی ئابووری و ئەمنی كە زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر واژۆ كرابوون.

هـ.ئ

Comments are closed.