ناوەندى هەواڵەکان
شارەزایەکی ژینگە دەڵێت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر پەیوەندی نێوان باڵندەکان بەجێدەهێڵێت، چونکە دەبێتە هۆی دابڕانى نێر و مێینەکان لەیەکتری و نۆرمی جوتبوونیان دەگۆڕێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانێکی تەواو لە سیستمی هێلکەدانان.
خالد سلێمان، شارەزاى بوارى ژینگە، لە نوسینێکدا لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى لە فەیسبوک ئاماژە بەوە دەکات، گەرما چی کاریگەرییەکى لەسەر باڵندەکان هەیە و ئەوەش دەخاتەڕوو، کە کام شوێنانە گونجاون بۆ باڵندەکان.
لە سەرەتاى نوسینەکەیدا هاتووە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بوونى کەشی وشک، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر پەیوەندی نێوان باڵندەکان بەجێدەهێڵێت، چونکە لەزۆر شوێندا گەرما دەبێتە هۆی دابڕانى نێر و مێینەکان لە یەکتری و نۆرمی جوتبوونیان دەگۆڕێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانێکی تەواو لە سیستمی جوتبوون و هێلکەدانان و خۆراکدا.
دەشڵێت، زۆربەی باڵندەکان پشت بەسیستمی دەنگ و جریوە یان خوێندن دەبەستن بۆ پەیوەندیکردن و جوتبوون، لە شوێنە شێدار و فێنکەکاندا پەیوەندییەکە زووتر دروست دەبێت، چونکە جریوەکان زوو بەناو بۆشاییدا گوزەر دەکەن و دەگەنە لای باڵندەی بەرامبەر هەروەها لە ناو دارستانەکاندا، بەڵام لە دەشت و شوێنە وشکەکاندا، باڵندەکان توشی گرفتی زۆر دەبنەوە، چونکە لە کەشی گەرم و وشکدا دەنگ زۆر ناڕوات و ناگاتە باڵندەی بەرامبەر.
خاید سڵێمان باسی لەوەشکردووە، بەیانیان دووای هەڵهاتنی هەتاو باشترین کاتە بۆ جریواندن و جوتبوونی باڵندەکان، بەڵام لە هەرێمە وشکەکاندا، لەگەڵ هەڵهاتنی هەتاودا گەرما دەست پێدەکات و ئیتر ڕووبەری لەرینەوەی دەنگ کەمتر دەبێتەوە.
باس لە ڕێگاچارەش دەکات و دەڵێت: لێرە باڵندەکان تەنها دوو ڕێگەیان لەبەردەمدایە بۆ پەیوەندیکردن، یەکەم ڕێگە ئەوەیە، کە کۆششێکی زۆر بکەن و دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە تا بگاتە بەرامبەر، ئەمەش لە کەشێکی گەرمدا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی وزەیەکی زۆر و باڵندەکان دەپڕوکێنێت، بەتایبەتیش کە خۆراک و ئاو کەم دەبن.
سەبارەت بە ڕێگاى دووەمیش وتویەتى، دووەم ڕێگە ئەوەیە، دەبێت، کە سبەینان باڵندەکان زۆر زوو لە خەو هەستن و بجریوێنن، چونکە هێشتا کەش فێنکە و ڕێژەی شێ یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی دەنگ بەباشی بگات، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی لە سیستمی ژیان و پەیداکردنی خۆراکدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، کە دۆزینەوەی خۆراک لە تاریکیدا ئاسان نییە، چونکە نە دانەوێڵە بەباشی دەبینرێت، نە مێرووەکانیش بەردەستن.
ئ.م
Comments are closed.