بەهاى لیرەى تورکى ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دادەبەزێت

دواى هەڵبژاردنەوەى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستى سەرۆکایەتى تورکیا دابەزینى بەهاى لیرەى تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیی بەردەوامە و ئەمڕۆش لە بازاڕەکانی جیهاندا ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر دوو هەزار و ٢٢٧ لیرە مامەڵەی پێوەکرا.

ئەمڕۆ دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى لە بازاڕەکانى جیهاندا لە بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى ئاستێکى پێوانەیی تۆمارکرد، بە جۆرێک لە ئێستادا هەر ١٠٠ دۆلارێکى ئەمریکى بەرامبەرە بە دوو هەزار و ٢٢٧ لیرەى تورکى.

لە مێژووی دراوی تورکییدا، ئەمە جاری یەکەمە دابەزینی بەم شێوەیە بەخۆیەوە دەبینێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرە زیاتر بەهاكەی خۆی لەدەستدەدات.

لە ڕۆژى ٢٠ـى مانگى تەمموزی ساڵى ڕابردوو، بانکی سوستییە جەنەراڵ-ی فەڕەنسیی بڵاوی کردەوە، لە داهاتوودا بەهای لیرەی تورکیی بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى زیاتر دادەبەزێت، بەجۆرێک نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێکی ئەمریکی بۆ دوو هەزار و ٢٠٠ لیرەی تورکی بەرزدەبێتەوە.

ئەم دابەزینە لەدوای ئەوەوە دێت، کە ڕۆژى ٢٨ـى مانگى ڕابردوو ئەردۆغان بۆ جارێکى دیکە بەسەرۆکى تورکیا هەڵبژێردرایەوە، وەک شارەزایانى بواری ئابوریش پێشبینیان کردبوو، نرخى لیرەى تورکى بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزىنی بەخۆیەوە بینی و لە داهاتووشدا بەهۆى خراپى سیاسەتەکانى ئەردۆغانەوە بەهاى لیرە بەرامبەر دۆلار بەهاکەی زیاتری لەدەست دەدات.

ئ.م

Comments are closed.