ئەو خواردنانە کامانەن، کە بۆ دابەزاندانى چەوری خوێن بەسودن؟

دکتۆر داهات حەوێزى دەڵێت، یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی چەورى خوێن بریتیه‌ له‌ خواردنێكی ته‌ندروست و كه‌م چه‌وری، دەشڵێت، خه‌یار، كاهوو، كه‌له‌رم، گێزه‌ر، سێو، هه‌رمێ، پرته‌قاڵ، لیمۆ، نۆك، بازیلا و پاقله‌مه‌نیه‌كان زۆر بەسودن بۆ دابەزاندنى چەورى خوێن.

دکتۆر داهات حەوێزى، پسپۆڕى نەخۆشەکانى هەناوى و شەکرە و دڵ، لە نوسینێکدا ئاماژە بە هەنگاوەکان و ئەو خواردنانە دەکات، کە بۆ چارەسەری چەوری خوێن و دابەزاندانى ڕێژەکەى بەسودە دەکات، کە دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-

یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی چەورى خوێن بریتیه‌ له‌ خواردنێكی ته‌ندروست و كه‌مچه‌وری. خواردن په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وی به‌ ئاستی كۆلیسترۆڵی خوێنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ندێ خواردنی ته‌ندروست به‌قه‌ده‌ر به‌كارهێنانی ده‌رمان سوودی ده‌بێت.

گرنگیدانی تایبه‌ت به‌ سه‌وزه‌ وه‌كو خه‌یار، كاهوو، كه‌له‌رم، گێزه‌ر و میوه‌كان به‌تایبه‌تی سێو، هه‌رمێ، مزره‌مه‌نیه‌كانی وه‌كو پرته‌قاڵ و لیمۆ،و دانه‌وێڵه‌كانی وه‌كو نۆك، بازیلا و پاقله‌مه‌نیه‌كان زۆر به‌سووده‌ بۆ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاستی چه‌وری خوێن.

هه‌روه‌ها، خواردنی چه‌ره‌زاتی وه‌كو گازۆ و فسته‌ق و عه‌لی بابا و گوێز زۆر به‌سووده‌ (به‌ڵام گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ چه‌وری خوێن زیاددەكا). وا باشه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ زۆربه‌ی خواردنه‌كانی كوڵاو بێت و دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌ خواردنه‌ی سوره‌كراو و له‌فه‌ و پیتزا.

 بۆ گۆشتیش پێویسته‌ زیاتر گۆشتی ماسی و گۆشتی مریشك بخورێت، گۆشتی سوور بە کوڵاوی یان بە برژاوی باشترە.

بۆ دابه‌زاندنی ئاستی چه‌وری خوێن وا باشه‌ وه‌رزشێكی ڕێك و پێكی به‌رده‌وام بكرێت. جوڵەی ئیش کردن زۆر کاریگەر نیە بۆ دابەزاندنی چەوری، بەڵکو ڕۆیشتن یان جووڵە بەشێوەیەک بێت، کە کەمێک خێرا بڕوات تا لێدانی دڵی زیادکات و کەسەکە هیلاک بێت و ئارەقە بکاتەوە ئنجا سوودی ئەبێت. یاخود هەر وەرزشێکی تری وەکو جیهازی وەرزشی ناو ماڵ، مەلە کردن، ڕاکردن، یاخود بەشداری کردن لە هۆڵی وەرزشی سوودی زۆری ئەبێت بۆ توانەوەی چەوری.

ده‌رمانی دابه‌زاندنی چه‌وری خوێن كاتێك به‌كاردێت، كه‌ كه‌سه‌كه‌ ئاستی چه‌وری خوێنی زۆر به‌رزبێت یاخود نه‌خۆشی دڵ یان شه‌كره‌ی له‌گه‌ڵدا بوو، یان دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ پارێزی خواردن و وه‌رزشكردن ئاستی چه‌ورییه‌كه‌ هه‌ر دانه‌به‌زی. پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كه‌ش، نه‌خۆشه‌كه‌ له‌سه‌ر پارێزی خۆی هه‌ر به‌رده‌وام بێت. دەرمانەکان بە پێی جۆری چەورییەکە و ڕێژەی چەورییەکە و نەخۆشیە درێژخایەنەکان ئەگۆڕێت.

لە حاڵەتى دەگمەنى بەرزبونەوەی چەورى سیانی ئەگەر بە حەب چەورییەكە دانەبەزیێت نەخۆشەكە پیێویستی بە غەسلی خویێن دەبێت.

ئ.م

Comments are closed.