هەولێر
جوتیارانی سنووری هەولێر دوای دروێنەكردنی بەرهەمەكانیان ناچارن لەبەردەم سایلۆكاندا چەندین ڕۆژ چاوەڕێ بكەن بۆ ئەوەی لێیان وەربگیرێت و وەك خۆیان دەڵێن: حکومەتی هەرێم ئامادەكاریی نەكردووە بۆ وەرگرتنی گەنمەكانیان و بەهۆی سستی پرۆسەی وەرگرتنەوە ناچارن لە بازاڕدا بە نرخێكی هەرزانتر بیفرۆشن.
مانگێكە دروێنە كردنی گەنم و جۆ لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە، هەرچەندە پێش دەستپێكی دروێنەكردن، حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئامادەكاریی تەواویان كردووە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جوتیاران، بەڵام لە دەستپێكی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمدا، دەركەوت كە حكومەت ئامادەكاری نەكردووە و ئامادەش نییە هەموو گەنمی جوتیاران وەربگرێت.
ڕۆستەم غەریب، جوتیارێکی سنووری هەولێر کە ماوەی چوار ڕۆژە لەبەردەم سایلۆی هەولێر وەستاوە تا گەنمی لێ وەربگیرێت دەڵێت: وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆی هەولێر زۆر بەسستی بەرێوەدەچێت، حکومەتی هەرێم هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە بۆ وەرگرتنی گەنم، جگەلەوەش لە سایلۆکاندا بەشێوەیەکی ڕێکخراو و نۆرەگرتن گەنم لە جوتیاران وەرناگیرێت.
ئەو جوتیارە باسی لەوەشکرد، لەکاتی داچاندنی گەنم تا دوورینەوە خەرجییەکی زۆری مادیمان لەسەر دەکەوێت، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم هیچ جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بە جوتیاران ناکات، کاتی گەنمەکانمان دەهێنینە سایلۆ، بۆ چەندین ڕۆژ لە چاوەڕوانی دەبین، بۆ ئەوەی گەنمەکانمان لێوەربگیرێت.
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە ڕۆژی ٢٧ـی مانگی ڕابردوو لە سنووری شاری هەولێر دەستیپێکردووە، بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی ٨٥٠ هەزار دینار دیاریکراوە.
ئارام ئەکرەم، جوتیارێکی دیكەیە و دەڵێت: پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆی هەولێر زۆر بە سستی بەرێوەدەچێت، چونکە بەرپرسانی سایلۆ بەشێوەیەکی باش سەرپەرشتی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم ناکەن، بەجۆرێک بەبێ نۆرەگرتن گەنمەکان وەردەگیرێت.
بەوتەی ئەو جوتیارە، رۆژانە برێکی کەم لە گەنمی جوتیاران وەردەگیریت، لە کاتێکدا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بۆ ماوەیکی دیاریکراوە، ئەمەش وایکردووە ڕێژەیەکی زۆر لە گەنمی جوتیارا بمێنیتەوە، بەجۆرێک ناچاردەبن بە نرخێکی کەمتر لە بازاردا بیفرۆشن.
ڕۆژنیوز، بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی جوتیاران و سست بەرێوەچوونی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێرەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لەسەر ئەو پرسە قسەبکات.
س.س
Comments are closed.