یەنەکە سکاڵای یاسایی لەسەر ئاسایشی پەدەکە تۆمار دەکات

بەرپرسى مەڵبەندی ٣ـی یەنەکە لە هەولێر ڕایگەیاند، لەبارەی کەیسی گیانلەدەستدانی گوماناوی زیرەک شەهید عەلییەوە، کە دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن ئاسایشی سەیداواوە، تەرمەکەی ڕادەستی خانەوادەکەی کرایەوە، سکاڵای یاسایی لەسەر ئاسایشی هەولێر تۆمار دەکەن.

لەبارەگای مەڵبەندی هەولێری یەنەکە، مەجید محەمەد ئەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی ٣ـی یەنەکە لەبارەی گیانلەدەستدانی گوماناوی كوڕە شەهیدێك، لە ئاسایشی هەولێر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجامدا.

بەرپرسی مەڵبەند ڕایگەیاند، “دوێنێ هێزێکی ئاسایشی هەولێر هەڵیانکوتاوەتە سەر زیرەک شەهید عەلی محەمەد لە شوێنی کارەکەی و دوای مانەوەی چەند کاتژمێرێک لە ئاسایش گیانی لەدەستداوە. “

وتیشى، “ئێمە سکاڵامان ئامادە کردووە پێشکەشی ئەنجومەنی دادوەریی و داواکاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ و سەرجەم رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دەکەین و پێویستە دادگا و لایەنی پەیوەندیدار ئەم کەیسە یەکلایی بکەنەوە، چونکە رووداوەکە ئاسایی نییە و لەناو ئاسایش کەسێک گیانی لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدا بەوتەی کەسوکارەکەی شوێنی ئەشکەنجە بە تەرمەکەوە دیارە.”

باسی لەوەشکرد، “ئەگەر سکاڵاکەمان لە هەرێم جێی خۆی نەگرت، پەنا بۆ دادگاکانی بەغدا دەبەین و ڕاستی رووداوەکە بۆ خەڵک ئاشکرا دەکەین، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئێستادا لیژنەیەکی پزیشکی دادوەری لە سلێمانییەوە بۆ توێکاری تەرمەکە گەیشتونەتە هەولێر و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن”.

مەجید محەمەد ئەمین وتیشى، “زۆرجار بێ هیچ هۆکارێکی باوەڕپێکراو کادرەکانمان لەلایەن ئاسایشەوە دەڕفێندرێن و دەستگیردەکرێن، بەڵام چیتر ئەو زوڵمە قبووڵ ناکەین و رێگە نادەین هیچ کادرێکمان بە نایاسایی دەستگیربکرێن و ئازار بدرێن”.

جێگەى ئاماژەیە، دوێنێ ئاسایشی پەدەکە لە هەولێر،  زیرەك شەهید عەلی محەمەدى دەستگیر کرد و دوای چەند کاتژمێرێک كەسوكارەكەی ئاگادار کردەوە، كە تەرمەكەی لە پزیشكی دادوەریی وەرگرنەوە و مامی گەنجەكەش ڕایگەیاند، “ئاسایشی سەیداوە زیرەك شەهید عەلی برازامیان بردووە و شوێنی ئەشكەنجە بە تەرمەكەیەوە بووە”.

ئ.م

Comments are closed.