لەگەڵ کردنەوەی باڵیۆزی ئێران لە سعودیە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەیشتە ئەو وڵاتە

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی سعودیەی كرد و لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە كۆبوویەوە، ئەمە لەكاتێكدایە هەر دوێنێ لەدوای حەوت ساڵ شەڕ و ئاڵۆزی ئێران و سعودیە، ئێران باڵیۆزی وڵاتەكەی لە سعودیە كردەوە.

دوێنێ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەیشتە سعودیە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبەنەوە و میدیا سعودییەكان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، زانیارییان بڵاویان كردوەتەوە.

ئاژانسی ڕاگەیاندنی سعودیە بڵاوی كردووەتەوە، دوێنێ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی سعودیەی كرد و لەگەڵ  شازادە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە كۆبووەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە میانی كۆبونەوەكەدا پێداچوونەوەیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی لە بوارە جیاجیاكان و ڕێگاكانی بەرەوپێشبردنی كرد، جگە لە تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی ڕەوشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەبارەت سەردانەكەی ئەنتۆنی بلینكن، بۆ سعودیە بڵاوی كردەوە، شەوی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە لە جددە كۆبوەتەوە، ئەمڕۆ بەرەو ڕیاز دەڕوات بۆ  ئەنجامدانی كۆبوونەوەی زیاتر.

پێشتر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سعودییە بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینكن لە ٦ تا ٨ـی حوزەیران سەردانی سعودیە دەكات، لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی هاوكارییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا و سعودیە لەسەر پرسە ناوچەیی و جیهانییەكان و كۆمەڵێك پرسی دوولایەنە بكات، لەوانەش هاوكاری ئابووری و ئەمنی.

ئاماژەی بەوەش كراوە، ئەنتۆنی بلینكن بەشداری لە كۆبوونەوەی وەزاری ئەنجومەنی هاوكاری كەنداوی عەرەبی دەكات، كە لە ٧ی حوزەیران بۆ تاوتوێكردنی پەرەسەندنی هاوكارییەكان لەگەڵ هاوبەشەكان و بەرزكردنەوەی ئاسایش، سەقامگیری، یەكگرتنی ناوچەیی بەڕێوە دەچێت.

سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سعودییە هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە سعودیە و ئاسایی بونەوەی پەیوەندی نێوا هەردولا “ئێرا و سعودیە” دوای حەوت ساڵ.

هـ.ئ

Comments are closed.