هەڵەبجە
پێشانگایەك لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەڵەبجە کرایەوە تێیدا كارە هونەرییەکانى خوێندکاران نمایشکرا و تابلۆكانی ناو پێشانگاكەش بەشێوەیەكی گشتی باسی لەو ستەمانە دەكات، کە لە ڕابردوودا بەرامبەر گەلی كوردا کراون .
ئەمڕۆ، لەناو هۆڵی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەڵەبجە، پێنجەمین ڤێستیڤاڵی هونەری خوێندكاران بەڕێوەچوو، کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوامی دەبێت، تێدا جگە لەخستنەڕووی كارە هونەرییەكانی خوێندكاران، نمایشی شانۆشى تێدا ئەنجام دەدرێت.

لەوبارەوە، شایستە ڕەفیق، کە خوێندكاری پەیمانگایی هونەرە جوانەكانی هەڵەبجەیە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەو پێشانگاییەی ئەمڕۆ كردومانەتەوە پێكهاتووە لە بەشی شێوەكاری و شانۆ و لەم لەپێشانگاكەدا چەندین تابلۆ، پەیكەر و ئیشی سیرامیك، كە بەرهەمی دەستی خوێندكارانن نمایشکراوە.
ئەوەشى خستەڕوو، تابلۆكانی ناو پێشانگاكە باسی كەلتوریی كورد دەكات و تابلۆكەی منیش باسی كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات، وێنەكە لە خانویەکى کۆنى عەبابەیلێ گیراوە، کە هاوڵاتیان لە ترسی بۆردومانەكە هەڵدێن .

هەروەها، سومەیە جەبار، کە خوێندكارێكی دیكەی بەشدارى چالاکیەکەیە دەڵێت: وەك خوێندكاران بە پەیكەر و سیرامیك بەشداریمان كردووە و ڤێستیڤاڵەکە گرنگییەكی تایبەتی بۆ خوێندكاران هەیە، چونکە دەتوانیەن لەم ڕێگەیەوە بەرهەمە هونەرییەکانمان پیشانی هاوڵاتییان بدەین.
ئ.م
Comments are closed.