خۆبەڕێوبەریی سووریا: باندێكی بازرگانیی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر كرد

ئەمڕۆ هێزەكانی ئاسایشیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور ڕۆژهەڵاتی سووریا، باندێكی چوار كەسی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر كرد، یەكێك لەو تاوانبارانە لە دانپێداناندا دەڵێت، لە ڕێكخراوە فریاگوزاریی و مرۆییەكانی وەك یونیسێف و خاچی سووری نێودەوڵەتی و مانگی سووری عەرەبی كارمان کردووە.

ئاژانسی هاوار دەستگیركردنی باندێكی ماددەی هۆشبەر ڕاگەیاند، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە.

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئیدارەی گشتی خۆبەڕێوەبەریی سووریا،  بۆ كۆنترۆڵ كردنی بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باندێكی چوار كەسییان دەستگیركرد، دوای لێپرسینەوە لەگەڵیان و دانپێدانان بە تاوانەكەیان، ئاشکرابووە کە ئەو بازرگانانە ئەركی فەرمییان لە ڕێكخراوە فریاگوزاریی و مرۆییەكان هەبووە، ئەركەكانیان بۆ هێنانی ماددە هۆشبەرەكان بۆ ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەكارهێناوە.

بەگوێرەی دانپێدانانەكانیان، ئەندامانی باندەكە لەلایەن كەسێكەوە سەركردایەتی دەكرێن، كە نازناوی (عبدالوەهاب شەراباتی)یە و لە توركیا نیشتەجێیە و لەنێوان توركیا و لوبناندا كار دەكات، هەروەها ئەو كەسە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ توركیا و چەتەكانی داعش هەیە.

یەكێك لە و بازرگانانە دانی بەوەدا ناوە، بۆ ئاسانكاریی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكان بۆ ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری ئێمە باجی نوێنەرایەتی فەرمی لە چەند ڕێكخراوێكەوە لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین، لەوانە یونیسێف، خاچی سووری نێودەوڵەتی و مانگی سووری عەرەبی سووریا، هەروەها ماددەی هۆشبەر دەشارینەوە لەنێو ئەو هاوكارییانەی كە لەلایەن ئەم ڕێكخراوانەوە پێشكەش دەكرێن.

ئاماژەی بەوەش كرد، بازگە ئەمنییەكانی حكومەتی سووریا بارهەڵگرەكان ناپشكنن، بە پێچەوانەوە لە بازگەكانی ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پشكنینی ورد ئەنجام دەدەن.

هـ.ئ

Comments are closed.