ئەمریكا سندوقێكی دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تەرخان دەکات

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بڵاوی كردەوە، سندوقێكی نوێیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەتەكانی داعش و پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی عێراق و سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە تەرخان كردووە.

سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی چەتەكانی داعش لە عێراق و سووریا و پاڵپشتی كردنی هێزەكانی ئەو دوو وڵاتە، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بڵاوی كردەوە، داعش هەوڵی دەستپێكردنی هێرشی نوێ دەدات، هەروەها بڕیارمانداوە ئەفغانستان نەبێتە پەناگەیەك بۆ ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتەکەی سندوقێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی عێراق و سوریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە تەرخانكردووە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە، ئەو سندوقەی كە بۆ پاڵپشتی لە هێزەكانی عێراق و سووریا ئامادە كراوە، بەهاكەی ٦٠١ ملیۆن دۆلار دەبێت.

ئەگەرچی  ساڵى ٢٠١٧ كۆتاییەکانی بە دەسەڵاتی چەتەكانی داعش لە عێراقدا ڕاگەیەنرا، بەڵام تاوەكوو ئێستا چەتەكانی داعش لە عێراق بەشێوەی شانەی نوستوو هەیە، ناو بە ناو هێرش دەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی مەدەنی و جوتیارانی گوندەكان دەڕفێنن.

هـ.ئ

Comments are closed.