ئەمریکا و ئەوروپا لەبارەى سەرهەڵدانى جەنگ هۆشداری دەدەنە کۆسۆڤۆ

ناوەندى هەواڵەکان

ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا داوایان لە کۆسۆڤۆ کرد گرژییەکان لەگەڵ سڕبیا لە باکوری ئەو وڵاتە هێور بکاتەوە، ئەگەرنا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک دەرئەنجامى قورس دەبێتەوە.

دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی کۆسۆڤۆ سەرۆک شارەوانییە نەتەوەییەکانی ئەلبانیایان بۆ نوسینگەى شارەوانییەکان دەستنیشان کرد، توندوتیژی لەو وڵاتە سەریهەڵدایەوە، چونکە سڕبیەکان کە زۆرینەی ناوچەکە پێکدەهێنن، بایکۆتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانیان کرد.

لەوبارەوە، گابرێل ئیسکۆبار، نوێنەری ئەمریکا لە سڕبیا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، پێویستە کۆسۆڤۆ ئۆتۆنۆمی زیاتر بەو شارەوانیانە بدات، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەیان سڕبین، چونکە ئەگەر وانەبێت ئەوا هیچ بەرەوپێشچوونێک لەبارەى هاتنە ناو ناتۆ و یەکێتى ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتە نیە.

گابرێل ئیسکۆبار وتیشى: ئەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن کۆسۆڤۆوە دەگیرێنەبەر ڕەنگە دەرئەنجامەکانی کاریگەرییان هەبێت لەسەر بەشێکى زۆر لە پەیوەندییەکانى نێوان کۆسۆڤۆ و ئەمریکا.

هاوکات میرۆسلاڤ لاججاک، نێردەی تایبەتی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چارەسەرى کیشەکانى نێوان  سڕبیا و کۆسۆڤۆ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، دەبێت کۆسۆڤۆ ڕێککەوتنى ساڵی ٢٠١٣ بە مەبەستى دروستکردنی فیدراسیۆنی شارەوانییەکانی سڕبیا جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ئۆتۆنۆمی زیاتریان پێ بدرێت.

ئەوەشى خستەڕوو، پێویستە سەرۆک وەزیرانی کۆسۆڤۆ وەڵامی داواکاریی سڕبیەکانى دانیشتووى وڵاتەکەى بداتەوە، ئەگەر نا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک دەرئەنجامى قورس دەبێتەوە.

جێگەى ئاماژەیە، ناتۆ نزیکەی چوار هەزار سەربازی لە ناو خاکى کۆسۆڤۆ هەیە و بڕیاریداوە بە ناردنی ٧٠٠ سەربازی دیکە ئەوەش لەپێناو ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لەو وڵاتەدا.

ئ.م

Comments are closed.