لە تورکیا نرخى پێداویستییەکانى ڕۆژانەى هاوڵاتیان بەشێوەیەکى خێرا بەرز دەبنەوە

ناوەندى هەواڵەکان

بەپێى میدیاکانى تورکیا، بەراورد بە مانگى ڕابردوو نرخى خواردەمەنییەکان بە ڕێژەى لە ٣٠%، نرخى سەرجەم جۆرەکانى ئۆتۆمبێل، ماتۆڕسکیل و ئامێرە کارەباییەکان بە ڕێژەى لە ٥٠% بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە، دەشڵێن، بەشێک لە دوکاندارەکان بە پۆستەرێک بۆ هاوڵاتیانیان نوسیوە ئێوە ئەمەتان ویست .

میدیاکانى تورکیا ئاماژەیان بە بەرزبوونەوەیەکى خێراو بەرچاوی لە پێداویستییەکانى ڕۆژانەى هاوڵاتیانى تورکیا کردوە، بەجۆرێک کە نرخی خورادەمەنییەکان هاوشان لەگەڵ پێداویستییەکانى دیکەدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرز دەبنەوە.

میدیاکان بڵاویانکردەوە، نرخى یەک گرام زێڕ مانگێگ پێش ئێستا بە هەزار و ٤٥٠ لیرە بوو، بەڵام ئێستا بە هەزار و ٤٦٥ لیرەیە، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە هاوڵاتیان زێرەکانیان بفڕۆشنەوە بە مەبەستى دەستخستنى قازانجى زیاتر.

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، بەپێى ئامارەکان بەراورد بە پێش هەڵبژاردنەکانى ڕۆژى ١٤ ى ئایار نرخى خواردنەکان بەرێژەى لە ٣٠% ى زیادیانکردووە و بەشێک لە دوکاندارەکانیش بە پۆستەرێک بۆ هاوڵاتیانیان نوسیوە ئێوە ئەمەتان ویست ئەوەش وەک ناڕەزایى بەرامبەر دەنگدان بە ئاکەپە و ئەردۆغان.

هەروەها بەراورد بە سەرەتاکانى مانگى ڕابردوو لە ئێستادا نرخى نان و بەرهەمەکانى گوڵەبەڕۆژە لەسەرجەم ناوچەکانى تورکیا لە گرانبووە، بەجۆرێک نرخى ٢٠٠ گرام سەموون و نان بەبڕى دوو لیرە بەرزبوەتەوە.

بەپێی ئامارەکان، بەراورد بە مانگى ڕابردوو نرخى سەرجەم جۆرەکانى ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل و ئامێرە کارەباییەکانى دەستى دوو بە ڕێژەى لە ٥٠% بەرزبونەتەوە و چاوەڕێش دەکرێت نرخیان زیاتر گران ببێت، نرخى سەرجەم جۆرەکانى پاقلەمەنیەکان بەراورد بە مانگى ڕابردوو بە ڕێژەى لە ٢٣% زیادیانکردووە.

هاوکات، لەبارەى بەرزبوونەوەى نرخى سەرجەم پێداوبیستیەکانى ڕۆژانەى هاوڵاتیان لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ناتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن بە مەبەستى ڕووبەڕووبنەوەى بەرزبوونەوەى نرخەکان.

جێگەى ئاماژەیە، دواى هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغان بە سەرۆک کۆمارى تورکیا، نرخى سەرجەم کاڵام گرانبوون و بەهاى لیرەى تورکى ڕووبەڕووى داڕوخانى میژووى بوەتەوە، بەجۆرێک لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە دوو هەزار و ٣٢٧ لیرەى تورکى، کە ئەمەش جارى یەکەمە لە مێژوودا بەو جۆرە لیرە داببەزێت.

هاوکات بەرهەمەکانى کۆمپانیای ئەپل نرخیان بەشیوەیەکى بەرچاو لە تورکیا بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینی، بەڵام لەم دواییانە ئەو نرخە زۆر زیادی کردوە بەجۆرێک هەرزانترین بەرهەمی ئەو کۆمپانیایە پێشتر ١٩ هەزارو ٤٩٩ لیرە بوو، بەڵام ئیستا گەیشتووەتە ٢١ هەزار و ٩٩٩ لیرە.

ئ.م

Comments are closed.