قەڵادزێ
پاڕکی پیرەمێرد کە ناسراوە بە پارکی “پیران”، بووە بە ماڵێک بۆ کۆبوونەوەی گەنجان و بە ساڵاچوانی شارۆچکەی قەڵادزێ، گەنجان بینەری یارییە کوردەوارییەکانن کە بەتەمەنەکان لەناو خۆیاندا ئەنجامی دەدەن، هاوکا پاڕکە کە بووە بە سەرچاوەی بژێویی بەشێک لە کەسانى بەتەمەن کە ئارەزووی کار و کەسابەتیان هەیە.
ڕۆژانە کەسانی بە ساڵاچووی شارۆچکەی قەڵادزێی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەشیکی زۆری کاتەکانیان لە پاڕکی پیراندا بەسەردەبەن، هەندێکیان کاردەکەن و هەندێکی دیکەیان خەریکی یارییە کۆنە کوردەواریەکانن لەوانە( دامە، سێ ڕیزکێن، دۆمینە، تاوڵە)، خەڵکانێکی تر لە پیر و گەنج لەدەوریان کۆدەبنەوە و سەیری شێوازی یاری کردنەکەیان دەکەن و چێژی لێ دەبینن.
ڕەشید بابەکر، هاوڵاتییەکی سەرو ٦٠ ساڵە و سەردانیکەرێکی هەمیشەیی پارکی پیرانە و دەڵێت: ڕۆژانە بە ساڵاچوان کاتەکانیان لەم پاڕکەدا بەسەر دەبەن، باسی خۆش و ناخۆشییەکانی ئێستا و ڕابردوو دەکەن، باس لە ژیان دەکەن کە خەڵک بێئیش و کارە و لە دۆخێکی دەروونی خراپدا دەژین.
لە کاتژمێر ٩ی سەر لە بەیانییەوە بەساڵاچوان لەم باخەدا کۆدەبنەوە تاوەکو کاتژمێر ١١، دواتر لە دوو بۆ سێی دوانیوەڕۆوە دیسان کۆدەبنەوە تا ئێوارە، پاڕکی پیران هەم جێگایەکە بۆ پشودان و کات بەسەربردنیان، هەمیش کاری تێدا دەکەن کە کەلو پەلەکانی وەک و تەسبیح وڕادیۆ و کاتژمێر و جل و بەرگی کوردی و چەقۆ و چەندین شتی دیکەی کۆن و نوێی تێدا دەفرۆشن.
ساڵح ئەحمەد، کە بە تەمەنێکی زۆرەوە خەریکی پەیداکردنی بژێوییە و دەڵێت: ئەم پاڕکە بە پاڕکی پیران بەناوبانگە، تاکە جێگایەکە بەتەمەنەکان لێی بحەسێنەوە، بەڵام هیچ خزمەتگوزاریەکی تێدا نیە، پارکی پیرانی ناوە، بەڵام ڕۆژانە سەدان گەنج لەبەر بێئیشی لەم پاڕکانەدا کار دەکەن بۆ ئەوەی بڕێکی کەم پارەیان دەست بکەوێ.
ئەو هاوڵاتیە بە تەمەنە دەشڵێت: خۆم مەشغوڵ کردوە، ڕۆژانە کاری چاک کردنی تەزبیح دەکەم و بەنکردنی تەزبیحێک بە هەزار دەکەم ڕۆژانە لە هەزار تا دە هەزار پەیدا دەکەم، ڕۆژانەیەکی دیاری کراوم نیە ، هەموو خەڵکەش بەهۆی بێکاریەوە دێنە ئێرە بۆ ئەوەی کەمێک لە بێزاریان کەم بکەنەوە.
شارۆچکەى قەڵادزێ سەر بە قەزای پشدەرە لە ئیدارەى ڕاپەڕین، کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و کەمتر لە ٢٠ کیلۆمەتر لە سنوری ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە دوورە، ئەو ناوچەیە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە وەک پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، بۆیە ڕێژەى بێکاری لەو شارۆچکەیەدا ڕێژەیەکى زۆرە، بۆیە گەنجانى شارۆچکەکە بە زۆری ڕوویان لە شارە گەورەکانى هەولێرو سلێمانی یان ئەوروپا کردوە.
س.س
Comments are closed.