دوو مانگە هاوڵاتیانى ڕەواندز ئاوى خواردنەوەیان نییە و حکومەتیش وەڵام ناداتەوە

ڕەواندز

نزیکەی دوو مانگە لە شارۆچكەی رِواندزی سەر بە پارێزگای هەولێر، ئاوی خواردنەوە نیە و هاوڵاتیان ناچارن  بە تانكەر ئاو بكڕن، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی ڕواندزیش دەڵێت، لە ئێستادا نیوەی خواستی هاوڵاتیان لەسەر ئاو دابین دەكەن، چونكە لەكۆی پێنج كۆگای ئاو سیانیان لەكار كەوتووە.

لە کوچە و کۆڵانەکانی ڕواندز، باس باسی نەبوونی ئاوە و هاوڵاتیان بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە گرفتار بوونە و ناچارن خۆیان بەتانکەر ئـاو بکڕن، بەڵام هەموو کەسێکیش توانای کڕینی ئاوی نیە و داوا لە حکومەت دەکەن چارەسەری نەبوونی ئاو لە ڕواندز بکات.

ڕواندز بۆ دابینكردنی ئاو پشت بە پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ و پڕۆژەی ئاوی گەلی مێگر دەبەستێت، ئاوی بێخاڵ، كە سەرچاوەی سەرەكیی دابینكردنی ئاوە بۆ سەرجەم گەڕەكەكانی رِواندز و دەوروبەری، بەڵام بەهۆی لەكاركەوتنی سێ  کۆگای بەرهەمهێنانی ئاو لە پڕۆژەی بێخاڵ، ئاوی شارۆچكەكە بڕاوە و هاوڵاتیان بە ئەستەم ئاویان دەست دەكەوێت.

گوڵچین مستەفا
گوڵچین مستەفا

خواستی ئاو لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەڕواندز لەڕۆژێكدا حەوت ملیۆن لیترە، بەڵام لەئێستادا ڕۆژانە تەنیا سێ ملیۆن لیتر دابین دەكرێت، كە ناكاتە نیوەی خواستی هاوڵاتیان.

گوڵچین مستەفا هاوڵاتییەکى یەکێک لە گەڕەکەکانى ڕواندزەو لەگەڵ چەند ژنێکى دراوسێی دانیشتووەو باس لە کێشە و گرفتەکانی بێئاوی دەکەن و دەڵێت، هەر ئەمساڵ نیە، بەڵکو شەش حەوت ساڵە ئەم گەڕەکە کێشەی ئاوی هەیە، ئێمە ناتوانین جلوبەرگ و پێداویستیەکانی ناوماڵ بشۆین، چونکە ئاومان نیە و ئاوی هەردوو سەرچاوەی بێخاڵ و گەلی مێگر بەبەرچاوی ئێمەدا دەڕوات، کەچی حکومەت بۆ ئێمە دابینی ناکات.

فاتم حەسەن
فاتم حەسەن

فاتم حەسەن، کە ژنێکی دیکەی گەڕەکی نەورۆزە و دەڵێت، دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئاومان نەبوو چای پێ ئامادە بکەم، ناچار چوومەتە ماڵە دراوسێیەکم بە سەتڵ ئاوم هێناوە بۆ چا لێنان و شۆرینی جلوبەرگ لەکاتێکدا بۆریەکی ئاو بە بەردەرگای ماڵی ئێمەدا دەڕوات، بەڵام حکومەت ڕێگە نادات لەو بۆریە ئاو بۆخۆمان دابین بکەین.

لە ئێستادا بە دوو ڕۆژ جارێك تەنها ٤٠ خولەك ئاو دەدرێت بە ماڵان

میکایل نەجم
میکایل نەجم

میکایل نەجم، کە هاوڵاتیەكی دیکەى ڕواندزە باس لەوە دەکات، ڕواندز بەتەواویی لەلایەن دەسەڵاتی كارگێڕیی شارەكەوە پەراوێزخراوە و هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەكی پێشكەش ناكرێت.

ئەو هاوڵاتییە، وتیشی، ڕواندز ئاوی بێخاڵ و گەلی مێگری هەیە، بەڵام لەبری ئەوەی حكومەت ئاو بۆ هاوڵاتیانی ڕواندز دابین بكات بردویەتی بۆ سۆران و خەلیفان، هێشتا هاوین نەهاتووە ئاو نیە ئەی چلەی هاوین خەڵك چی بكات.

هەندرێن عەبدولرەزاق دانیشتویەکى دیکەى ڕواندزە و باس لەوە دەکات، ئێمە

هەندرێن عەبدولرەزاق
هەندرێن عەبدولرەزاق

تەنها یەک پرسیار ئاڕاستەی حکومەت دەکەین، ئاوی بێخاڵ، کە هی ڕواندزە بۆ سۆران و سرێشمە و دەوروبەری خەلیفان چووە، بۆچی ئەوان کێشەیان نیە و ئێمە هەمانە، بۆچی ترۆمپای ئەوان ناشکێت و هی ئێمە دەشکێت.

لە بەرامبەردا هۆگر مەلا محەمەد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی ڕواندز و دەوروبەری بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت، ڕواندز ئاوی بێخاڵی هەیە، بەڵام لەكۆی پێنج مزەخە تەنیا دوانیان ئیش دەكەن و سێ دانەی تر لەكاركەوتوون، ئەمەش بووەتە هۆی كەمبونەوەی ئاوی خواردنەوە و گرفت بۆ زۆربەی گەڕەكەكانی ناو شاری ڕواندز و دەوروبەری دروست بووە بەتایبەت گەڕەکی نەورۆز، کە نیوە زیاتری ڕواندز پێکدەهێنێت.

هۆگر مەلا محەمەد
هۆگر مەلا محەمەد

ئاماژەى بەوەشکرد، لەسەر داوای ئێمە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕەزامەندی لە ئەنجومەنی وەزیران وەرگرتوە بۆ کڕینی سێ ترۆمپای ئاو بۆ ئەوەی گرفتی ئاوی ڕواندز چارەسەر ببێت، بەڵام هەر ناتوانین خواستی پێویست دابین بكەین و دۆخەكەیان پێ باشتر ناكرێت، لەبەرئەوەی لەڕۆژێكدا ڕواندز پێویستی بە حەوت ملیۆن لیتر ئاو هەیە، كەچی ئێستا سێ ملیۆن لیتر دابین دەكرێت، ئەمەش هۆكاری سەرەكیی كەمبوونەوەی ئاوی ڕواندزە و بووەتە گرفتێكی گەورەی هاوڵاتیان.

جێگەى ئامادەیە، بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنیوز، لە ئێستادا بە دوو ڕۆژ جارێك تەنها ٤٠ خولەك ئاو دەدرێت بە ماڵان، لەكاتێكدا پێشتر زیاتر لەیەك كاتژمێر و نیو ئاویان پێ دەدرا، بەڵام ئێستا بە شێوەی کۆبۆن هەفتەی دوو جار بە تانکەر ئاو دەدرێت بە هاوڵاتیان، وەك هاوڵاتیانی شارەكەش دەڵێن، لە بێ ئاویدا دەناڵێنن و داوای چارەسەری خێرا لە حكومەت دەكەن.

ئ.م

Comments are closed.