فوئاد حسێن: ئەولەویەتی حكومەتی عێراق كۆتایهێنانە بە دۆسیەی كامپی هۆڵ
ناوەندی هەواڵەكان
وەزیری دەرەوە عێراق لە كۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، كە لە سعودیە بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، ئەولەویەتەكانی حكومەتی عێراق شەڕی دژی تیرۆر و كۆتایهێنان بە دۆسیەی كامپی هۆڵ و چەند دۆسیەیەكی دیكەیە.
لە كۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئەولەوێتەكانی حكومەتی عێراق، وەزیری دەرەوە عێراق لە سعودیە وتارێكی پێشكەش كرد.
فوئاد حسێن لە كۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش وتارێكی پێشكەش كرد و وتی: حكومەتی عێراق گرنگی بە چەند دۆسیەیەك دەدات، لەوانە شەڕی دژی تیرۆر، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەولەویەتەكانی حكومەتی عێراق گرنگییەكی تایبەت بە كامپی هۆڵ دەدات.
ئاماژەی بەوەش كرد، حكومەتی عێراق كار بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری، بەرەوپێشبردنی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكات، هەروەها سوورە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو فۆرم و دەركەوتەكانییەوە، هەروەها كار بۆ سەقامگیركردنی ناوچە ئازادكراوەكان دەكات.
وەزیری دەرەوەى عێراق ڕوونیشی كردەوە، هێزە ئەمنییەكان ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە و هەواڵگری دەكەن، بۆ بەدواداچوون بۆ پاشماوەی باندە تیرۆریستییەكانی داعش و شانە نووستووەكانیان، بە هۆی ئەو هەوڵانەشەوە ئاستی هێرشەكان لە ماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووەتەوە.
لە وتارەكەیدا وەزیری دەرەوەى عێراق وتی، حكومەتی عێراق كارێكی زۆر بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەكانی ناوخۆ دەكات، هەروەها پێشتر ١٤٨ كامپی ئاوارەكان داخراون، دەشڵێت: ٢٦ كامپ لە سنووری پارێزگای نەینەوا و ئەنبار و هەرێمی كوردستان هەیە.
فوئاد حوسێن باسی لەوەش كرد، حكومەتی عێراق پێشوازی لە درێژكردنەوەی پشتیوانی سندوقی سەقامگیركردنی ئێف ئێف ئێس لە ماوەی ٢٠٢٤-٢٠٢٦ دەكات.
لەكۆتایدا ڕایگەیاند، حكومەت جەخت لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێكی ڕاستەقینە بۆ كامپی هۆڵ دەكاتەوە، هەروەها حكومەتی عێراق تا ئێستا نزیكەی ١٤٠٠ خێزانی لە كامپی هۆڵ گەڕاندووەتەوە، نزیكەی سێ هەزار داعشی عێراقی لە سوریا گەڕێندراونەتەوە بۆ بەغدا.
هـ.ئ
Comments are closed.