بەهۆی دابەزینی نرخی لیرەی تورکی بەهای سوتەمەنی بەرزدەکرێتەوە

دوای دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، نرخی بەنزین، گازوایل و LPG لە تورکیا زیاد دەکرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی کەرتی سووتەمەنی، لە بەرەبەیانی سبەینێوە کە دەکاتە  ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣ نرخی لیترێک بەنزین دوو لیرە و ٧٠ قرووش، گازوایل یەک لیرە و ٣٧ قرووش و غازی ئۆتۆمبێلیش (LPG) ٦٧ قرووش زیاد دەکرێت.

دوای ئەم بەرزبوونەوەیە، نرخی یەک لیتر بەنزین لە ئیستەنبووڵ دەگاتە ٢٣.٩٩ لیرە، لە ئەنقەرە ٢٤.٣٥ لیرە و لە ئیزمیر ٢٤.٣٨ لیرە. هەروەها نرخی گازوایل لە ئیستەنبووڵ نزیکەی ٢٢.١١ لیرەیە، لە ئەنقەرە ٢٢.٥٠ و لە ئیزمیر ٢٢.٥٢ لیرەی تورکییە.

دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ١٤ـی ئایاری ئەمساڵ، بەهای لیرە زیاتر دابەزیوە و دوێنێ چوارشەممە ٧ـی حوزەیران، لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە، زیاتر لە ٦٪ـی بەهاکەی لەدەستدا و یەک دۆلار بە زیاتر لە ٢٣.١٧ لیرە مامەڵەی پێوەکرا، پێشبینی دەکرێت بەهای لیرە زیاتریش دابەزێت.

ر.س

Comments are closed.