شەوی ڕابردوو لە پەرلەمانی عێراق چی ڕوویدا؟

دوای چەندین ململانێ و مشتومڕ لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی عێراق، دواجار درەنگانی شەوی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و تێیدا، نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار جێگیر كرا و دەنگ لەسەر هەشت ماددەی پرۆژە یاسای بوودجە دارا، بەڵام ئەو ماددانەی كە كێشەی لەسەرە دواخراوە بۆ ئەمڕۆ.

بەشی ڕاگەیاندنی سەرۆكاییەتی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە، درەنگانی ئەمشەو سەرۆكاییەتی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبوویەوە، دواتر لە كۆبونەوەی پەرلەماندا دەنگ لە سەر چەند بڕگەیەكی پرۆژە یاسایی بوودجە درا.

شەوی ڕابردوو زۆربەی سەركردە سیاسییەكانی ناوخۆ و هەرێمی چاوی لەسەر بەغدا بوو، هەمووان لە چاوەڕوانی پەسەند كردنی بوودجەدا بوون، لە هەرێمی كوردستانەوە بەشێك لە سەركردەی حزبییەكان و نوێنەرەكانیان هەر زوو خۆیان گەیاندە بەغدا، هەروەها پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران خۆی گەیاندە بەغدا، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە بكات.

شەوی ڕابردوو پێش دەستپێكردنی كۆبونەوەی پەرلەمان هەریەكە لە پێكهاتەی كورد و سوننە و شیعە بە جیا كۆبوونەوە، سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان جگە لە نەوەی نوێ كۆبوونەوە بۆ ئەوەی بۆچوونێكی نزیك یەكیان هەبێت لە كاتی دەنگدان بەپرۆژە یاسای بودجە.

سوونەكانیش بەهەمان شێوە لە ماڵی محەمەد حەلبوسیی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا كۆبوونەوە، سونەكان كێشەی گەورەیان لەگەڵ پرۆژە یاسای بودجەدا نییە، ئامادە بوون بۆ دەنگدان بە پرۆژە یاساكە.

شیعەكانیش بەسەرۆكاییەتی ئیسماعیل قائانی و سەركردە شیعییەكان و پەرلەمانتاران كۆبوونەوە، هەروەها كێشەی لایەنە شیعییەكان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەدا، داوای زیاد كردنی پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەكەن، ئەمەش سودانی ڕەزامەندی لە سەر دەربڕیووە.

دواتر سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و جێگرەكانی لەگەڵ لیژنەی دارایی كۆبوونەوە، بۆ ئەوەی دواین گفتوگۆ سەبارەت بە هەمواری هەندێك بڕگەی پرۆژە یاسای بوودجە بكەن، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا، مۆڵەتی ٢٤ كاتژمێر بە لیژنەی دارایی بدرێت، بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەو گۆڕانكارییانە بكات، كە لە پرۆژە یاسای بوودجە كراوە.

دوای تەواو بوونی كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی، پەرلەمانی عێراق بەئامادەبوونی ٢٥٨ پەرلەمانتار  كۆبوونەوەی ئەنجامدا، دەنگ لەسەر ئەو بڕگانە درا، كە هیچ لایەنێك كێشەییان لە سەر نییە، گرنگترینیان جێگیر كردنی نرخی دۆلارە، كە نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار جێگیر كرا.

دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی، بەمیدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، مۆڵەتی ڕۆژێكی بە لیژنەی دارایی داوە تاوەكوو پێداچوونەوە بە گۆڕانكارییەكانی بودجەدا بكات.

ئاماژەی بەوەش كرد، لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگ لەسەر هەشت ماددەی پرۆژە یاسای بوودجە داوە، ئەو ماددانەی كە كێشەی لەسەرە دواخراوە بۆ ئەمڕۆ.

بەپێی ئەو وێنەیەی پرۆژە یاسای بودجە كە دەست ڕۆژنیوز كەوتووە، گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لەپرۆژە یاسای بودجەدا نەكراوە، لە خاڵێكی پرۆژە یاساكەدا هاتووە، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت، بەدانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران مانگانە بەڕێژەی ١٠٪.

معین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی، بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند، بودجەی ئەم سێ ساڵەی داهاتووی عێراق نزیكەی ٢٠٠ تریلۆن دینارە، ئەمەش گەورەترین بڕی بودجەیە لەمێژووی عێراقدا، دەشڵێت: لەپرۆژەیاسای بودجەدا ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكان بێت سودمەند دەبیت، چونكە خۆی نەوت بفرۆشێت، تەنها نزیكە ١٢ تریلۆن دیناری دەست دەكەوێت، بەڵام حكومەتی عێراق ساڵانە نزیكەی ٢٢ تریلۆن دیناری بۆ دەنێرێت.

لە ئێستادا چەند مادەیەك لە پرۆژە یاسای بودجەدا كێشەی لە سەرە و بوونەتە جێگەی مشتومڕی لایەنەكان و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان، كە دیارترینیان ماددەی ١٣ و ١٤یە، كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان.

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ  دەنگدان لەسەر چەند مادەیەكی دیكەی پرۆژە یاسای بوودجە كاتژمێر یەكی دوا نیوەڕۆ درێژە بەكۆبوونەوەكانی بدات.

هـ.ئ

Comments are closed.