كۆیە
جوتیارانی دەشتی كۆیە نیگەرانن لە ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیان و داوا دەكەن حكومەت هاوكاری كەرتی كشتوكاڵی بكات، بە ڕەخساندنی بازاڕ و ڕێگرتن لە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی، تا ئەوانیش تووشی زەرەر نەبن و دەشڵێن: دەبێت باجی زیاتر بخرێتە سەر بەرهە دەرەکییەکان، بۆ ئەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان ساغببنەوە لە بازاڕدا.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی، گرفتی ساغنەبوونەوەی بەرهەمی خۆماڵی سەرهەڵدەدات و جوتیاران زۆرجار توشی زیان دەبن، بێ پلانی حكومەت بۆ پشتیوانی جوتیاران و بەرهەمی دەرەکی هۆكاری سەرهەڵدانی گرفتەكانن.

هیوا مامەند، جوتیارە لە گوندی قوڵقوڵەی سەر بە شارەدێی ئاشتی و خاوەنی خانوی پلاستیكییە، زیاتر لە مانگێكە بەرهەمی خەیاری پێگەیشتووە و دەڵێت: تەنها لەسەرەتای پێگەیشتنی بەرهەمەكە پارە دەكات، بەڵام ئێستا داهاتەکەی بەشی خەرجییەكەی ناكات، چونكە خەیار زۆر دەبێت، پێویستە حكومەت زوو بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردە كردنی ئەو بەرهەمانە بدات، تا جوتیاران زەرەرمەند نەبن.
لە سنووری شارۆچكەی كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر ٣٠٠ هەزار دۆنم زەوی شیاوە بۆ كشتوكاڵ كردن هەیە، ئەمەش وای كردووە هەموو جۆرە بەرهەمێك دێتە بەرهەم و ڕەوانەی بازارەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام جوتیاران هەمیشە كێشەی ساغ كردنەوە و هاوكاری نەكردنیان هەیە لە لایەن حكومەتەوە.
دەشڵێت: تائێستا حكومەت نە پەینی كیمیایی و دەرمان و پێداویستییەكانی تری كشتوكاڵی پێنەداوین، كە بەشێك لەو شتانە نرخەكەیان بەرز دەبێت، دەبێت حكومەت بە نرخی كەمتر و گونجاو بیدات بە جوتیاران.

عەلی عەزیز، جوتیارێكی دیکەی بە ئەزموونی سنورەكەیە و وەک خۆی دەڵێت: خەرجییەکی زۆری کردووە، بەڵام کێشەی ساغبوونەوەی بەرهەمەکانی هەیە و وتی: ئێمە لە مانگی کانوونی دووەمەوە خەریكین، ئێستا بارێك خەیار دەبەین كە زیاتر لە تۆن و نیوێك دەبێت، بایی ١٠٠هەزار دینارە كە بەشی كرێكارەكان ناكات بەم گەرمایە دەیڕنن.
بەوتەی سەرپەرشتیاری چەند پرۆژەیەكی كشتوكاڵی، ئەگەر حكومەت ڕێگریی بكات لە هاوردە كردن و هاوكاری كەرتی كشتوكاڵی بكات ئەوان دەتوانن بەرهەمی زیاتر بەرهەم بهێنن و لەگەڵ ئەوەشدا هەلی كاری زیاتر بۆ كرێكارەكان دابن بكەن.

سرود عەلی، سەرپەرشتی چەندین پڕۆژەی كشتوكاڵی دەكات و دەڵێت: ئەوەی هەیە ئێستا جوتیاران هەموو لەسەر ئەركی خۆمان كشتوكاڵ دەكەین، كەرتی ناوخۆیی فەرامۆش كراوە.
س.س
Comments are closed.