لە سلێمانی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامێکی میزۆپۆتامیا درا

بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم نووسینگەی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی، تەقە لە ئەندامێکیان کرا و بە نۆ فیشەک هەوڵی تیرۆرکردنی درا، ئەو کەسەی کراوەتە ئامانج ناوی حوسێن ئاراسانە و سێ فیشەکی بەرکەوتووە و بەسەختی بریندار بووە، ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی وردی پزیشک دایە.

بەیانی ئەمڕۆ نزیک کاتژمێر ١٠:٣٠خولەک، هێرشێکی چەکداریی لەبەردەم دەرگای نووسینگەی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، لە شاری سلێمانی ئەنجامدراو و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامێکی ڕێکخراوەکە درا.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو ئەندامەی میزۆپۆتامیا کە تەقەی لێکراوە، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستانە و  ساڵانێکە لە شاری سلێمانی دەژی، ناوی تەواوی حوسێن ئاراسان’ـە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە ئیزمیر لە دایک بووە و خەڵکی شاری ماردین بووە .

بکوژەکە بەمەبەستی تیرۆرکردنی نۆ فیشەکی تەقاندووە و سێ فیشەک بەر جەستەی حوسێن ئاراسان کەوتووە و بەسەختی بریندار بووە، دواتر هەڵهاتووە.

تا ئێستا ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بەفەرمی هیچ بەیاننامەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە لەسەر ڕووداوەکە.

سەبارەت بەو هێرشە ڕۆژنیوز پەیوەندی کرد بە ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانییەوە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەک بدرکێنن.

ب.گ

Comments are closed.