پسپۆڕانی ئابووریی: ٩٠٪ـی وەبەرهێنان لە عێراقدا فرۆشتنی سامانی دەوڵەتە

عێراق دەرگای لەسەر پشتە بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی وڵاتانی دەرەکی، کەچی لەئاستی ناوخۆدا لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و ٩٠٪ـی وەبەرهێنان لە عێراقدا، فرۆشتنی سەروەت و سامانی دەوڵەتە، لەساڵی ٢٠٠٦وە، تەنها چەند كارگە و پڕۆژەیەك دامەزراون، كە هەلی كاری سنووردار دەڕەخسێنن، لە کاتێکدا زەمینەیەکی زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی ناوخۆیی.

لەدوای پەسەندكردنی یەكەم یاسای وەبەرهێنان، ، لەكاتێكدا كە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن كەس زیاد دەكات، پێشبینیش دەكرێت ئەو ژمارەیە، لە ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوودا بگاتە ٨٠ ملیۆن كەس، سەرەڕای ئەوەی ساڵانە هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگا بەبێ كار دەمێننەوە.

د. نەبیل مەرسومی
د. نەبیل مەرسومی

د. نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەکان بڵاوی كردووەتەوە، سعودیە بە بەهای ملیارێك دۆلار وەبەرهێنان لە بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی گەورەترین پرۆژە دروست بكات، كە لەدوو هەزار و ٥٠٠ ڤێلا و ٤٠٠ شوقە پێكدێت، هەروەها زەوی بە خۆڕایی یان بە نرخێكی كەم  بە وەبەرهێنەرە دەرەكییەكان دراوە، لەكاتێكدا ئەمە بۆ وەبەرهەمهێنەرەكانی ناوخۆ نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، مۆڵەتی هاوردەكردنی پێداویستییەكانی پڕۆژەكە بۆ كۆمپانیا بیانییەكان لە باجی گومرگی بەخشراوە، لە بەرامبەردا بڕە پارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئاسایی وەردەگرن، بەمەش قازانجێكی زۆر دەچێتە گیرفان ئەو وەبەرهەمهێنەرانەوە.

كازم جەواد، شرۆڤەكاری ئابووری سەبارەت بەوەی بۆچی حكومەتی عێراق وەبەرهێنانێكی لەو شێوەیە بە هاوڵاتی نادات بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند، بەغدا وەك دوبەی نییە، هەروەها كەرتی خانووبەرە لە عێراق كەرتێكی ناوچەیی جیهانی نییە، بە مەبەستی ڕاكێشانی سەرمایە لەدەرەوە، عێراق وڵاتێكی گەشتیاریش نییە، بۆیە پێویستە وەبەرهێنان بە هاووڵاتیانی خۆی بدات، بۆ ڕێگە گرتن لە چوونە دەرەوەی پارە، وەك ئەوەی میسر دەیكات.

كازم جەواد
كازم جەواد

ڕوونیشیكردەوە، جۆری وەبەرهێنانە ناوخۆییەكان لە عێراقدا زیاتر لە دروستكردنی مۆڵە بازرگانییەكان خۆیان دەبیننەوە ئەمەش بۆ سپیكردنەوەی پارەیە، هەروەها هیچ بیركردنەوەیەكی دیكە نییە بۆ وەبەرهێنان لە كارگە یان خزمەتگوزارییەكان كە بەهایەك بۆ ئابووری نیشتمانی زیاد دەكەن.

باسی لەوەش دەكرد، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ئەو پارەیەی بۆ بودجەی گشتی تەرخانكراوە زیاتر لە ١.٣٧ ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام تەنها ژمارەیەكی سنووردار لە پڕۆژەی بەرهەمدار و هەروەها پڕۆژەی ستراتیژی دروستكراون.

مستەفا سەعید
مستەفا سەعید

مستەفا سەعید، لێکۆڵەری بواری ئابووریی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سەرمایەگوزاریی ئەمڕۆ گرنگترین سەرچاوەیە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو، هەروەها بنەمایە بۆ گەیشتن بە گەشەسەندن لە ڕەهەندە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیدا، لە بەرامبەردا سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بە وڵاتان دەبەخشێت، چونكە ئەمڕۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان وەك مافێك بۆ خۆشگوزارەنی بۆ مرۆڤ.

ئاماژەی بەوەش كرد، كاتێك دەگەڕێینەوە سەر شێوە و قەبارەی وەبەرهێنانەكان لە عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، بۆمان دەردەكەوێت كە ئامرازەكانی پێشكەوتن زۆر لاوازن بە بەراورد بە قەبارەی سامان و هەلی وەبەرهێنانی بەردەست، هەروەها گرنگترین هۆكاریش گەندەڵی كارگێڕیی و داراییە، چونكە كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر دواخستنی پێشكەوتنی وڵات بە گشتی و وەبەرهێنان بەتایبەتی هەبوو.

حەیدەر ڕوبەیعی
حەیدەر ڕوبەیعی

حەیدەر ڕوبەیعی، ئابووریناس بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پشتگیری لە هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لەعێراق دەكەن، وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆ پێشخستنی ڕاستی ئابووری لە عێراق، بنیاتنانی ژێرخانی و دروستكردنی كێبڕكێ لە نێوان وەبەرهێنەری ناوخۆیی و وەبەرهێنەری بیانی دەیبینێت، ڕەشبینی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەوەی كە ٩٠%ی وەبەرهێنان فرۆشتنی سەروەت و سامانی دەوڵەتە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی مۆنیتۆر، زۆربەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی ناچارن لە پڕۆژەكانی عێراق بكشێنەوە، لە ترسی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن میلیشیا و خێڵەكانەوە، كە هەمیشە داوای پارە لە وەبەرهەمهێنەران دەكەن، ئەمەش وای كردووە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٩ نزیكەی شەش هەزار پڕۆژە بوەستن.

مامول سامەڕایی
مامول سامەڕایی

مامول سامەڕایی، وەبەرهێنەرێكی عێراقە و بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، وەبەرهێنەران و كۆمپانیا بیانییەكان كە لەو وڵاتەدا كاردەكەن، ڕووبەڕووی مەترسی خێڵ و حزبی دەبنەوە، هەروەها هەندێك لە خێڵە عێراقییەكان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە دەیان ساڵە خاوەنی ئەو زەویانەن كە لەلایەن كۆمپانیا نەوتییەكان یان وەبەرهێنەرانەوە كاریان تێدا دەكرێت، دوایی قەرەبووی دارایی دەكەن.

سەرەڕای بەردەستبوونی سەدان هەلی وەبەرهێنانی ئومێدبەخش، بەڵام زۆربەی وەبەرهێنەرانی عێراق بەهۆی بیرۆكراسی و گەندەڵی و زەوتكردن و لاوازی یاسای عێراقی، پێیان باشترە بچنە وڵاتانی دراوسێی وەك توركیا، ئوردن، ئێران، میسر و ئیمارات وەبەرهەمهێنان بكەن.

هـ.ئ

Comments are closed.