زیندانیی: ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان کاریگەریی گەورەی لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت

عوسمان زیندانی داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان دەکات و دەڵێت: ئازادبوونی ئەم سەرکردەیە کاریگەریی گەورەی دەبێت بەتایبەتی لە پڕۆسەی ئاشتی، وادەکات پڕۆسەکە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت، هەروەها  لەسەر شۆڕش و پرسە نەتەوەییەکان، چونکە دەبێتە هەوێنی ئەوەی بەرخۆدان و شۆڕش زیاتر پەرە بسێنێت، بێگومان سەرکردەیەکی بە ئەزموون کاریگەریی لەسەر بارودۆخی سیاسییش دەبێت.

زیاتر لە ٢٤ ساڵە، بەپیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەزیندانیی تاکەکەسی لەدوورگەی ئیمرالی گۆشەگیر کراوە، ماوەی ٢٧ مانگیشە گۆشەگیرییەکی توند لەدژی بەڕێوەدەچێت و ڕێگە بەخانەوادە و پارێزەرانی نادرێت سەردانی بکەن و دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدەن، لە ماوەی ڕابردووشدا ئاشکرا بوو کە دەوڵەت بەبێ هیچ بیانوویەک سزای قەدەغەکردنی دیداریان بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپاندووە.

لەبارەی ئەو گۆشەگیرییە توندە و گرنگی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان عوسمان زیندانیی بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

زیندانیی دەڵێت: هەر لە بنەڕەتەوە زیندانیی کردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان پێشێلکردنێکی دیاری جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی سیاسیی ناو تورکیایە، چ بگاتە ئەو گۆشەگییریە توندەی ئێستا بەسەریدا سەپاندوویانە، بەداخەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەو پرسەدا بێدەنگ و بێ هەڵوێستە.

سەبارەت بە کارییگەرییەکانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجەلان لەسەر شۆڕش و ئاشتی تورکیا و ناوچەکەش وتی: بەدڵنیاییەوە ئازادبوونی ئەم سەرکردەیە لە  چەندین لایەنەوە کاریگەریی دەبێت یەکێک لە لایەنەکان پڕۆسەی ئاشتییە، وادەکات پڕۆسەکە زیاتر بەرەوپێش بچێت، کاریگەرییەکی دیکەشی لەسەر شۆڕش و پرسە نەتەوەییەکانە، دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە بەرخۆدان و شۆڕش زیاتر پەرە بسێنێت، بێگومان سەرکردەیەکی بە ئەزموون کاریگەریی لەسەر بارودۆخی سیاسییش دەبێت.

باسی لەوەشکرد لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ئەزموونی ئەوە کراوە، کە حکومەتەکەی ئەردۆغان حکومەتێک نییە، کە بیەوێت بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەری بابەتەکان بکات نەک تەنیا لە  پرسەکانی پەیوەست بە گەلی کورد، بەڵکو بەرامبەر بە گەلانی دیکە و سیاسییە چەپەکانی ناو وڵاتەکە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بەهەمان شێوەیە، تەنانەت دەستوەردان لە باشووری کوردستانیش دەکات، لەبەرئەوە بێگومان هەبوونی سەرکردەکان و بەردەوامیان لە شۆڕشدا کاریگەریی لەسەر تورکیا دەبێت.

عوسمان زیندانیی ئەوەشی خستەڕوو، حزبی شیوعی لە ڕابردووشدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت پرسی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، ئەو ئاشتییەش مانای ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و هەموو زیندانە سیاسییە کوردییەکانە، لە ئێستادا بە دەیان هەزار کەس لە زیندانەکانی تورکیادان، هەر لە سەرۆکی شارەوانییەوە هەتا چالاکوانان و هونەرمەندان،  لەبەرئەوەی ئەو دەوڵەتانەی جیهان کە خۆیان بە بەرگرییکار لە مافەکانی مرۆڤ دەزانن،  پێوستە هەڵوێستیان هەبێت لەبەرامبەر مامەڵەی ئەم دەوڵەتەدا.

لە کۆتایدا وتیشی: بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان وایکردووە، کە  چاوپۆشی بکەن لەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە لەهەرچوارپارچەی کوردستان، زۆرجار خۆیان بەشێک بوون لەو پیلانانەی بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراوە، دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالانیش بە پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو.

ب.گ

Comments are closed.