پسپۆڕێکی یاسای ڕاگەیاندن ڕەخنەی توند لە ڕێنماییەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەگرێت

پسپۆڕێکی یاسای بواری ڕاگەیاندن، لەبارەی ڕێنماییەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەڵێت: هەڵە و کەموکوڕی زۆری تێدایە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو یاسایانەی حکومەتی هەرێم لە پێشوودا دەریان کردووە، پاشەکشێیە لەو بنەمایانەی چەسپێنراون و لەگەڵ دەستووری عێراقی و بنەماکانی مافی مرۆڤدا یەک ناگرێتەوە.

ڕەشنووسی (ڕێنمایی ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٢٣ـی تایبەت بە کاری میدیایی لەهەرێمی کوردستان) ، کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەرکراوە، ڕەخنە و ناڕەزایەتی توندی بەدوای خۆیداهێناوە، بەوپێیەی دژبەرە لەگەڵ یاسای ژمارە ٣٥ـی ساڵی ٢٠٠٧ـی ڕۆژنامەگەریی، بەتایبەت لەپرسی مۆڵەتدان بە میدیاکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە دادگاکان، هەروەها پرسی خۆپیشاندان و چەند بابەتێکی دیکە.

ئەم ڕێنماییانە کە هەفتەى ڕابردوو لە ڕۆژنامەی وەقائیعی هەرێمی کوردساندا بڵاوکرایەوە، بە هەوڵێکی دیکەى دەسەڵاتدارانى باشووری کوردستانی دادەنرێت، دژ بە ئازادیی رۆژنامەوانی و بیرو ڕا، لەم بارەیەوە د.سامان فەوزی، پسپۆڕی یاسای بواری ڕاگەیاندن و مامۆستای زانکۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

دکتۆر سامان فەوزی
دکتۆر سامان فەوزی

د.سامان فەوزی پسپۆڕی یاسای بواری ڕاگەیاندن و مامۆستای زانکۆ دەڵێت: ئەو ڕێنمایەنەی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەرچوون، هەڵە و کەموکوڕیی زۆری تێدایە، پەیوەندیدارە بە ئازادییە سیاسییەکان و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، پێویستە کەسانی یاسایی و نوسەران ئاگاداریی ئەو ڕێنماییانە بن و ڕەتی بکەنەوە.

وتیشی: سەرجەم ڕێنمایەکانمان خویندووەتەوە و هەڵە و کەم وکوڕی زۆری تێدایە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو یاسایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشوودا دەریان کردووە، پاشەکشێیە لەو بنەمایانەی چەسپێنران و هەروەها لەگەڵ دەستووری عێراقی و بنەماکانی مافی مرۆڤ کە لە  جیهاندا کاری پێ دەکرێت یەک ناگرێتەوە.

ئەم پسپۆڕەی بواری ڕاگەیاند، باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێنمایەکاندا ئاماژەیان بەوەداوە، چی بڵاو بکرێتەوە و چی بڵاونەکرێتەوە، بۆ نموونە هەبوونی گومان لە ئازادیی ڕادەربڕین بە تاوان هەژماردەکرێت، جیانەکردنەوەی سنوور لە نێوان ڕەخنەگرتن و ناوزڕاندن، باسکردنی ژیانی تایبەت و تۆمەت هەڵبەستن، پیشێلکاریی لە ئاسایشی نیشتیمانی و بڵاوکردنەوەی بابەتی دژ بە دابوو نەریت، یاساکان پێمان دەڵێن، کە کۆمەڵێک دەستەواژەی  لاستیکین و لە داهاتوودا دەبنە مایەی کێشە بۆ ڕاگەیاندنکاران.

د. سامان فەوزی ڕوونی کردەوە، لەم ڕێنماییانەدا سەرجەم شتە ئیتیکییەکانیان کردووە بە نایاسایی و سزایان بۆ داناون، خۆیان دەوری پەرلەمان دەبینن لە دەرکردنی بڕیاردا لە هەمان کاتدا دەوری دادگاکان دەبینن لە دیاری کردنی سزادا، پاشەکشەکردن لەدەست کەوتنی زانیارییەکاندا.

هەروەها فەوزی باس لەوەش دەکات،  لەم یاسایەدا هاتووە هیچ دیکۆمێنتێکی حکومی نابێت بڵاوبکرێتەوە مەگەر حوکمەت خۆی ڕێگای بە بڵاوکردنەوەی دابێت، هەوڵی نەهێشتنی ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان و ناوەندەکان دەدەن بەبیانووی تازەکردنەوەی ساڵانە و مۆڵەتی تازەکردنەوە، بۆ ئەوەی ئەو ڕاگەیاندنانەی سەربەدەسەڵات و حزبەکانن زیاتر باڵا دەستبن لە پرسەکانی ڕاگەیاندندا.

ئەو مامۆستایەى زانکۆ داواش لە وەزیری ڕۆشنبیریی دەکات هەڵوێستێکی جدی هەبێت هەرچەندە بڕیارەکان بە واژۆی ئەو بووە و بڵاوبووەتەوە، دەشڵێت: ئێستاش کۆتایی دونیا نییە و دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە، وەزیریش توانای هەڵواشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی هەیە، ڕاگەیاندنکاران مافیان هەیە تانە بگرن داواکەیان ببەنە بەردەم دادگا، ئەگەر تانەکانیان گوێی لێنەگیرێت ئەوا ڕێگای تری مەدەنی هەیە بیگرنە بەر بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی لەم یاسایانەدا بکرێت.

ب.گ

Comments are closed.