شازادەی جێنشینی سعودیە هەڕەشە لە ئەمریكا دەکات

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای کرد، شازادەی جێنشینی سعودیە هەڕەشەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە، بەوەی كە گورزێكی گەورەی ئابووری لە ئەمریكا دەدات، ئەمەش لە كاتێكدایە، كە ناكۆكی لەسەر هەرناردەی نەوت دروستبووە.

سەبارەت بە كێشە و ململانییەكانی نێوان سعودیە و ئەمریكا و هەڕەشەكانی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێكدا زانیاریی نوێی بڵاوكردەوە.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی بڕیارەكەی سعودیە بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كاتی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن لە ئەمریكا، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بەڵێنیدابوو، كە ساڵی ڕابردوو سزا بەسەر سعودیە بسەپێنێت، لەبەرامبەردا محەمەد بن سەلمان لە ڕێگەی ئابوورییەوە هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كرد.

ڕوونیشی كردەوە، حكومەتی سعودیە لەڕێگەی لێدوانی دیپلۆماسییەوە بە ڕێزەوە بەرگریی لە كارەكانی كردووە، بەڵام بە شێوەیەكی تایبەت شازادەی جێنشین هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە دەیان ساڵەکەی نێوان ئەمریكا و سعودیە دەكات.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامە نهێنییەی كە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەستی كەوتووە، شازادەی جێنشینی سعودیە لە هەڕەشەكەیدا ڕایگەیاندووە كە “چیتر مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا ناكات”، بەڵێنیشی داوە “سزای گەورەی ئابووریی واشنتۆن بدات”.

ئەمە لە كاتێكدایە، لە چەند ڕۆژی پێشوودا ئەنتۆنی بلیكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی سعودییەی كرد، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بە گەرمی پێشوازی لێ كرد و لەگەڵیدا كۆبوویەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.