ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە ڕیاز وەزیری دەرەوە عێراق لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی سەبارەت بە سزای دارایی سەر ئێران و كڕینی گاز و كارەبای ئێران لەلایەن عێراقەوە كۆبوویەوە.
سەبارەت بە كۆبوونەوەی هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەمریكا لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، فواد حسێن لە پەراوێزی كۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، كە لە ڕیاز بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە، لە كۆبونەوەكەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆنیان تاوتوێ كرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگی و بەردەوامی كاری هاوبەشی لەچوارچێوەی ستراتیجی دۆستاییەتی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، هەروەها سوپاسی ئەمریكای كرد، لە سەركرداییەتی كردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.
ئاماژە بەوەش كراوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر كۆمەڵێك پرسی دوولایەنە، ناوچەیی و جیهانی كردووە، هەروەها باسیان لە هەوڵەكانی عێراق بۆ بەهێزكردنی ئابوورییەكەی و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە كردووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هەردوو وەزیر باسیان لەدانەوەی قەرزەكانی ئێران لەلای حكومەتی عێراق كردووە، كە بەهۆی كڕینی گاز و كارەباوە عێراق قەرزاری ئێرانە، هەروەها باس لە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕێوشوێنەكانی ئەمریكا لەسەر بانكە نێودەوڵەتییەكان كراوە، لەوانەش بانكەكانی عێراق، چونكە ئەم ڕێوشوێنانە لە چوارچێوەی سیاسەتی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێراندان.
فوئاد حسێن جەختی لە سەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم گرفتە كردەوە، چونكە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەرتی كارەبا لە عێراق هەیە، لەم ڕوانگەیەشەوە سوپاسی لایەنی ئەمریكی كرد.
لە بەیاننامەكەدا باس لەوەش كراوە، هەردوو وەزیر تاوتوێی ئەو پرسانەیان كرد، كە جێگەی نیگەرانی هاوبەشن، جەختیان لەسەر پێویستی كاركردن بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و گەیشتن بە ئارامی لە ناوچەكە و دووركەوتنەوە لە پەرەسەندن گرژییەكان كرد.
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دووپاتی كردەوە، ئەمریكا پابەندە بە پاڵپشتیكردنی سەقامگیریی عێراق و پڕۆسەی دیموكراسی تێیدا، هەروەها پاڵپشتی سەقامگیری سیاسی و پەیوەندی و كاری هاوبەشی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەشێوازێك پێگە و بەهێزی عێراق لە ناوچەكەدا زیاد بكات.
لەكۆتایشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئاواتەخوازی گەیشتن بە لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم، بەتایبەتی لە بواری نەوت و داراییدا.
هـ.ئ
Comments are closed.