میت بەردەوامە لە تیرۆری ئازادییخوازان و ئەنجوومەنی ئاسایشیش بێدەنگە

لەکاتێکدا هەمووان لە چاوەڕوانی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تاوانبارانی شەهیدکردنی هەریەکە لە ئازادیخوازان(شوکری سەرحەد، زەکی چەلەبی، مامۆستا شەماڵ، ناگیهان ئاكارسەل و ئەو کەسەدان کە تەقەی لە فەرهاد بارش کردبوو)، بەیانى ئەمڕۆ ئازادیخوازێکی دیکەى کوردی باکووری کوردستان لە شاری سلێمانى درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بریندار کرا.

ڕۆژانە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، هاوڵاتییەک یاخود گەنجێکی کورد دێننە سەر شاشەکان و بەزۆر دانپێدانانیان پێ دەکەن و بە تیرۆرست لەقەڵەمیان دەدەن، هەروەها لە هەر بەش و ناوچەیەکی کوردستان فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بۆردوومان بکات، پێش هەموو لایەک بڵاویدەکەنەوە و وەک دەستکەوت نیشانی دەدەن، بەڵام لەبەرامبەر تیرۆری ئازادییخوازانی کورد بەدەستی میت لە باشووری کوردستان دەنگیان لێوە نایەت و بە یەک بەیاننامەش باسی ناکەن.

بەیانی ئەمڕۆ نزیک کاتژمێر ١٠:٣٠خولەک، هێرشێکی چەکداریی لەبەردەم دەرگای نووسینگەی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامێکی ڕێکخراوەکە درا.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو ئەندامەی میزۆپۆتامیا کە تەقەی لێکراوە، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستانە و  ساڵانێکە لە شاری سلێمانی دەژی، ناوی تەواوی حسێن ئاراسان’ـە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە ئیزمیر لە دایک بووە و خەڵکی شاری ماردین بووە .

ئێستا حسێن ئارسان لەنەخۆشخانەی شاری سلێمانی لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە و ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانیش هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژەکەیەوە نەدرکاندووە.

ئەمە یەکەم هەوڵی تیرۆری سیاسیی نییە لە سلێمانی، بەڵکو لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا ئەمە شەشەم هەوڵی تیرۆر کردنە و تەنیا لەماوەى دوو ساڵی ڕابردوودا پێنج  وڵاتپارێز و ئازادیخواز لە باشوری کوردستان شەهید کراون.

درەنگانی شەوی ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٢،  محەمەد زەکی چەلەبی، کە هاوڵاتیەکی نیشتمانپەروەری باکووری کوردستان و خاوەنی چێشتخانەی دەنیز بوو لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، دوو چەکدار لەسەر ماتۆڕسکیلێک دەستدرێژی گوللـەیان لێکرد، لە ڕۆژی ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٢، لە نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

ساڵێک پێش ئێستا و لە ڕۆژی ١٧ـی ئەیلولی ٢٠٢١دا، یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە، کاتژمێر٠٩:٠٠ لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، لەلایەن دەزگای میتی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک کرایە ئامانج و شەهیدبوو.

لە ڕۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢، سوهەیل خورشید عەزیز، ناسراو بەمامۆستا شەماڵ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی، کاتژمێر ٠١:٠٠ـی دوانیوەڕۆ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کفریی، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایە بەر دەسڕێژی گوللـە و شەهیدکرا.

هەر لەدرێژەى هێرش و هەوڵەکان بۆ تیرۆرکردنی ئازادییخوازان دەوڵەتى قڕکەری تورک، ڕۆژی ٤ـى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٢ لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیك ماڵەكەی خۆی ناگیهان ئاكارسەل، ئەندامى ناوەندی ژنۆلۆژی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و دەستبەجێ شەهیدبوو.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ـی ئەیلولی ٢٠٢١ لە ئۆفیسی کۆمپانیایەکی گواستنەوە و گەیاندن لە شاری سلێمانی، هەوڵی تیرۆرکردنی پەنابەرێکی سیاسیی باکووری کوردستان بەناوی فەرهاد بارش قۆندوو درا و بەسەختیی بریندارکرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی، باری تەندروستیی جێگیربوو.

 لە دوای شەهیدکردن و بریندارکردنی هەریەکە لەو ئازادیخوازانە دەزگا ئەمنییەکان دڵنیاییانداوە لە دۆزینەوەی توانباران و بەسزاگەیاندنیان، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەستگیرکردن و سزادانی هیچکام لەو بکوژانەیان ڕانەگەیاندووە.

ئەوەی زیاتر جێگەی گومان و سەرنجە، هەمیشە ئەندامانی میت و بکوژانی ئازادییخوازان لەدوای ئەنجامدانی تاوانەکانیان هەڵدێن بەرەو هەولێر، ئەمەش وایکردووە چالاکوانان و ئازادییخوازان، هەولێر وەک پەناگەیەک بۆ داڵدەدانی بکوژانی ئازادییخوازان ناوزەد بکەن.

هـ.ح

Comments are closed.