سوید رێگا بە ناتۆ دەدات هێزەکانی لە خاکی وڵاتەکەی جێگیربکات

سوید ڕێگە بە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەدات هێزەکانی لەسەر خاکەکەی جێگیر بکات، پێش ئەوەی بە فەرمی بێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا.

ساڵی ڕابردوو سوید بە فەڕمی داوای ئەندامێتی کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، دژایەتیکردنی داواکەی لەلایەن تورکیا و هەنگاریاوە ئەندامێتی سویدی لە ناتۆدا دواخستووە، ئێستا ستۆکهۆڵم هیوادارە تاوەکو کۆبوونەوەکەی مانگی داهاتووی ناتۆ لە لیتوانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، سەرۆک وەزیرانی سوید، ئولف کریستەرسن و وەزیری بەرگری سوید پۆڵ جۆنسن ڕایانگەیاندوە، حکومەت بڕیاریداوە کە ڕەنگە هێزە چەکدارەکانی سوید لەگەڵ ناتۆ و وڵاتانی ناتۆدا ئامادەکاری بکەن بۆ چالاککردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی داهاتوو.

ئاماژەیان بەوەشداوە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا ڕەنگە سەرباز و کەلوپەلی بیانی لەسەر خاکی سوید جێگیر بکرێن، بڕیارەکە پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕووسیا و بەرگری سوید بەهێزتر دەکات.”

باسیان لەوەشکردوە، ڕووسیا لە داهاتوویەکی نزیکدا وەکو مەترسییەک دەمێنێتەوە دژی وڵاتانی دراوسێی.

فینلەندای دۆستی سوید کە سنوورێکی درێژی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە لە مانگی چواردا بوو بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

ر.س

Comments are closed.