کەرکوک
دوای بڵاو بوونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە پیاوێک توندوتیژی دژی هاوژینەکەی بەکار دەهێنێت ، پۆلیسی کەرکوک پیاوەکەیان دەستگیر کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی کەرکوکدا هاتووە ، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پیاوێک کە بەشێوەیەکی دڕندانە توندوتیژی بەرامبەر هاوژینەی ئەنجام دەدات ، پۆلیسی کەرکوک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و لە گەڕەکی ڕەحیم ئاوا پیاوەکەیان بە پێی مادەی ٤١٣ لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار( س،ع) دەستگیرکرا و کەیسی ژنەکەش ڕەوانەی بەشی پاراستنی ژنان و منداڵان کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە هۆکاری بەکارهێنانی توندوتیژیەکە کراوە و هاتووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە برای ژنەکە پێشتر کێشەی لەگەڵ زاواکەیاندا هەبوو و بە دەمانچە تەقەی لێکردووە و بە دوو فیشەک قاچی بریندار کردووە، بۆیە دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ برای ژنەکە دەرکرد بە پێی مادەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی و دەست بەسەر چەکی تۆمەتباردا گیرا .
پۆلیسی کەرکوک ئاشکرایکرد، پیاوەکە بە کەفالەتی سێ ملیۆن دینار و برای ژنەکەش بە کەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازادکراون و بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە چیدیکە کێشەکە کۆتایی پێ بهێندرێت وچاوەڕوانی بڕیاری دادوەر بن .
ر.س
Comments are closed.