دوای مانەوەی چەندین کاتژمێر ژنێک لە نەخۆشخانە منداڵەکەی لە سکیدا دەمرێت

دوای چەندین کاتژمێر مانەوەی ژنێک لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ منداڵەکەی لە سکیدا دەمرێت و کەسوکارەکەشی دەڵێن “بەهۆی کەمتەرخەمی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە بووە” .

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی قەڵادزێ سەربە ئیدارەی ڕاپەڕین، ژنێکی دووگیان دوای مانەوەی نزیکەی ١١ کاتژمێر لە نەخۆشخانە، منداڵەکەی لەسکیدا دەمرێت، کەس و کارەکەشی هۆکاری مردنی منداڵەکەیان بۆ کەمتەرخەمی پزیشک و کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە دەگەڕێننەوە.

بەشێک لە کەسوکاری ژنەکە لە بەردەم نەخۆشخانەدا کۆبوبونەوە، هەوڵێک ھەبوو بۆ ڕێگری کردن لە کەسوکارەکەی بۆ ئەوەی قسەنەکەن بۆ میدیاکان و بە چارەسەری کۆمەڵایەتی کێشەکە یەکلایی بکەنەوە، بەڵام بەشێکیان ڕازی نەبوون و بۆ میدیاکان قسەیان کرد.

عەبدولڕەحمان ئەحمەد- مامی منداڵەکەیە

عەبدولڕەحمان ئەحمەد، مامی منداڵەکەیە و سەبارەت بە ڕوداوەکە وتی: شەوی ڕابردوو کاتژمێر دوو ئەو ژنەمان ھێناوەتە نەخۆشخانە، بەڵام وتویانە سبەینێ بیھێننەوە و قسەمان لەگەڵ دکتۆر کردووە، قاچمان ماچ کردووە وتومان عەمەلیاتی بۆ بکەن، پارەی عەمەلیاتەکەتان پێدەدەین، بەڵام بۆیان نەکردوە، و تاکو کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مناڵەکە لە ناوسکیا خنکاوە .

باسی لەوەش کرد، کە ھۆکاری گیان لەدەستدانی مناڵەکە کەمتەرخەمی پزیشک و کارمەندەکان بووە، داوایان لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێپرسینەوە لە پزیشک وکارمەندە کەمتەرخەمەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بکەن

مامی منداڵەکە ئاشكرایکرد، ئەوە دووەم مناڵی ئەو خێزانەیە، بەھۆی کەمتەرخەمی پزیشکەوە گیان لەدەستبدات، وتیشی: دواتر بەتەلەفۆن داوا لە پزیشکەکە کراوە کە بێت و نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ ئەنجامبدات، بەڵام لە وەڵامدا پزیشکەکە بەشێوەیەک قسەی کردوە، تاکو نەگاتە حاڵەتی مرد نایەت.

 

ر.س

Comments are closed.