پەدەکە لەکۆبونەوەکەی سەرۆکی پەرلەمان و هادی عامری و کوتلەکان رێکەوتنێکی بەدەستهێناوە و بڕیاریانداوە بڕگەی پاشەکەوتی موچەخۆران لابدەن.
بڕگەی پاشەکەوتی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی بڕی ١٠٪ داواکرابوو لە حکومەتی هەرێم پابەند بێت، بەڵام پەدەکە هەموو هەوڵێکی خۆیدا بۆ لابردنی ئەو بڕگەیە لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣،٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، سەرجەم لایەنە کوردییەکانن هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ چەسپاندنی ئەو بڕگەیە لە پرۆژە یاساکە .
دوای راگرتنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ نزیكەی كاتژمێرێك، لەئێستادا كۆبونەوەی پەرلەمان بە ئامادەبونی ٢٥٩ پەرلەمانتار بۆ پەسەندكردنی بڕگە و ماددەكانی پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێكردۆتەوە.
لەوبارەیەوە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق ڕایگەیاند، بۆ گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران كە لەساڵانی رابردودا پاشەكەوت كراوە یان بەشێكی لێبڕدراوە یان نەدراوە بەفەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر داوای یەنەکە دو برگەی سەرەكی زیادكراون بۆ ماددەی ١٤ـی پرۆژەیاسای بودجە كە پەیوەستە بە پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بەگێڕانەوەی پاشەكەوتی موچە بەرێژەی ١٠% تا تەواوی پاشەكەوتەكە دەدرێتەوە، لە لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر دراوە و جێگیركراوە”.
لەوچوارچێوەیەدا فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چەندین بڕگەی مەترسیدار لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هەن، سورین لەسەر ئەوەی دەبێت هەرێم پابەند بکرێت بە دانەوەی پاشەکەوتی موچە، لەناو هۆڵی پەرلەمان رێگری لە ئەگەری لابردنی بڕگەی دانەوەی پاشەکەوت دەکەین، ناکرێت بە رێککەوتنی سیاسیی دەستکاری بڕگەی بودجە بکرێت.
سەبارەت بە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆی پارێزگاکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پارتی جەختدەکاتەوە لە لابردنی بڕگەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاگان لەگەڵ بەغدا و دەیەوێت ئەو بڕگەیە لە پرۆژەیاسای بودجە لاببرێت.
هەروەها سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیوێتی، لەکۆبونەوەکەی بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمان و هادی عامری و کوتلەکان بڕگەی پاشەکەوتیان لادا، من و خالید شوانی لەوێ زۆر دژی بوین .
سۆران عومەر دەشڵێت: بە هادی عامریم وت ئەوە مافی خەڵکە چۆن لایدەبەن وتی حکومەتی هەرێم تەحەمولی ناکات، یوسف کلابی وتی من لەکۆبونەوە دەیخوێنمەوە لاینادەین.
ئەمە لەکاتێکدایە تاکو ئێستا رێكکەوتنی كۆتایی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و بەتایبەتیش یەنەکە و پەدەکە لەسەر تێپەڕاندنی ئەو بڕگە و ماددانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان نەكراوە.
ر.س
Comments are closed.