تارمایی تیرۆر بەسەر ئازادییخوازانەوە لە هەرێمێکی بێ ئاسایش و پاراستندا

لە بۆشایی بێهەڵوێستی، لاوازیی و بێدەنگی ئاسایشی هەرێم و ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکاندا، تیرۆری سیاسیی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، وەک تارماییەک بەسەر سەری ئازادییخوازانەوەیە و بە ڕۆژی ڕووناک و لەپێش چاوی خەڵک و کامێراکان، لە ناو مۆڵ و لە بەردەرگا و شەقام و کۆڵانە قەرەباڵغەکانی  شاردا، ئازادییخوازان شەهید دەکرێن و بکوژیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت.

ئەمڕۆ ئەو هەرێمەی زۆرترین بانگەشەی ئازادیی و پاراستن و ئاسایشیی تێدا دەکرێت، بووە بە تەڵەی ئازادییخوازان و مەیدانی تەراتێنی دەزگا سیخووڕییەکانی دوژن، لەسەرووی هەمووشیانەوە میتی تورک.

تیرۆرکردنی حسێن ئاراسان ئەندامی ڕێکخراوی کرێکارانى میزۆپۆتامیا لە بەردەم نوسینگەی ڕێکخراوەکەدا لە سلێمانی، نوێترین تیرۆرى سیاسیی دەزگای میت بوو لە باشووری کوردستان، لە دژی ئازادییخوازان.

چەند چەکدارێک بە ڕۆژی ڕووناک بە چەکەوە دێنە بەردەم نووسینگەی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا و حسێن ئاراسان دەدەنە بەر گولـلە و شەهیدی دەکەن، بە چەند خولەکێک ون دەبن یان ون دەکرێن و هیچ دەزگایەکی حکومی و ئەمنی یەک پیتی لەسەر ناڵێت!

ئەمە حەوتەمین تیرۆری سیاسییە، کە هەموو ڕەهەندەکانی ئاشکرایە، ناسنامەی بکوژ نەبێت!

لە ١٧ـی ئەیلولی ٢٠٢١، یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد لەگەڕەکی چوارچرا و شەوی ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٢، محەمەد زەکی چەلەبی، لە گەڕەکی بەختیاری و لە بەردەم خواردنگەکەی خۆیدا، ٤ـى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٢ لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیك ماڵەكەی خۆیدا ناگیهان ئاكارسەل، ڕۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢، سوهەیل خورشید عەزیز، ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا و ڕۆژی ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣ حسێن ئاراسان ئەندامی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لەبەردەم نووسینگەی ڕێکخراوەکەیان، لەلایەن  دەزگای میتی تورکەوە تیرۆرکران و شەهیدبوون.

لە  ١٦ـی ئەیلولی٢٠٢١ ـیشدا لە نووسینگەی کارەکەی لە شاری سلێمانی، هەوڵی تیرۆرکردنی فەرهاد بارش قۆندوو درا و بەسەختیی بریندارکرا.

لەشەوی ١٧ـی نیسانی ئەمساڵیش، حسێن تورەلی پەنابەرێکی سیاسیی باکووری کوردستان، لەناو بازاڕی فامیلی مۆڵ لە دهۆک، تیرۆرکرا و شەهیدبوو.

ئەمەش دەرخەریی ئەوەیە، لەبۆشایی نەبوونی ئاسایش و پاراستن لەم هەرێمەدا، تیرۆری سیاسیی پەلیهاویشتووە  بۆ بەردەم دەرگای ماڵەکان و شوێنی کار و قەرەباڵغترین شەقامەکان، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن بکەرانى ئەو تاوانانە لە چنگی هێزە ئەمنییەکان و لەچاوی ئەو هەزاران کامێرایە وون دەبن و نادۆزرێنەوە؟

سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێم و دامەزراوە ئەمنییەکانى ئەنجومەنى ئاسایش، پۆلیس و دەزگاکانى ئاسایش، لەسەرووی هەموویانەوەى ئاسایشی پارێزگای سلێمانى، یەک پیت لەسەر ئەو تیرۆرە سیاسییانە نادرکێنن و تائێستا دەستگیرکردنی هیچ بکوژێکیان ڕانەگەیاندووە، هیچ پاساوێکیشیان لەبەردەستدا نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کاتی بەدواداچوون لەسەر ئەو تاوانانە.

ڕۆژانە ئەنجوومەنی بەناو ئاسایشی هەرێم، گەنجێکی ناڕازیی ئەم هەرێمە یاخوود خۆپیشاندەرێک دەهێننە سەر شاشەکان و بە تیرۆرست لە قەڵەمی دەدەن و بەزۆر دانپێدانانی پێ بڵاو دەکەنەوە، بەڵام هەرگیز دەستگیرکردنی داگیرکەرێک، بکوژێک یان سیخوڕێکی دوژمنیان ڕانەگەیاندووە، هەروەها لەبەرامبەر تیرۆری ڕاستەقینەی میتی تورک لە بەرامبەر ئازادییخوازانی کورد، چاو و گوێیان داخستووە و کورد وتەنی نەبای دیوە و نە بۆران.

ب.گ

Comments are closed.