عەلى عەلاق: له‌ ڕۆژانی داهاتوودا نرخی دۆلار به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو داده‌به‌زێت

‌پارێزگاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندیی‌ عێراق ڕایگەیاند، له‌ ڕۆژانی داهاتوودا نرخی دۆلار بەرامبەر دینار به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو داده‌به‌زێت، دەشڵێت: سووربوونی‌ به‌شێك له‌ بازرگانه‌كان بۆ كڕینی‌ دۆلار له‌ بازاڕه‌ نافه‌رمییه‌كان رووبه‌ڕووی‌ لێپرسینه‌وه‌ی‌ یاساییان ده‌كاته‌وه‌.

عەلى عەلاق، پارێزگاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا بە ئاژانسی‌ فه‌رمی‌ هه‌واڵى عێراقى وتووە، به‌هۆی‌ رێوشوێنه‌كانیانه‌وه‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوو نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری‌ عێراقی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دادەبەزێت.

عەلى عەلاق وتیشى، ئامانج له‌ دیاریكردنی‌ بڕی‌ دوو هەزار دۆلار وه‌ك به‌رزترین ئاست له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، کە به‌ ڤیزا كارت و ماسته‌ر كارت رابكێشرێت، بە مەبەستى رێگرتنه‌ له‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ دۆلاره‌كه‌.

پارێزگاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سووربوونی‌ به‌شێك له‌ بازرگانه‌كان بۆ كڕینی‌ دۆلار له‌ بازاڕه‌ نافه‌رمییه‌كان رووبه‌ڕووی‌ لێپرسینه‌وه‌ی‌ یاساییان ده‌كاته‌وه‌.

عەلى عەلاق ئەوەشى خستووەتەڕوو، دەمانەوێت ئاستێكی‌ هاوسه‌نگ له‌  دراوه‌ بیانییه‌كان دروست بكەین به‌ جۆرێك، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی مامه‌ڵه‌یان پێوه‌بكرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەى چەند ڕۆژێکە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەبارەى گفتوگۆکردن سەبارەت بە پڕۆژە یاساى بودجەى عێراق لە کۆبوونەوەدایە و بەپێى پڕۆژە یاساکە ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٣٠ هەزار دینار جێگیرکراوە.

ئ.م

Comments are closed.