سیمینارێک بۆ کارا کردنی سندوقی خانەنشینیی ڕۆژنامەنوسان بەڕێوەچوو

لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژمانەنوسانی کوردستان بە هاوبەشیی ڕێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کلتوری مەدەنی هەستان بە سازدانی سیمینارێک بۆ کاراکردنەوەی سندوقی خانەنشینی ڕۆژنامەنوسان.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەندان ڕۆژنامەنوس و پسپۆڕی ڕاگەیاندن و چەندان کەسایەتی دیکە لە ناوەندە جیاوازەکانی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیریی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژمانەنوسانی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کلتوری مەدەنی سیمینارێکیان بۆ کاراکردنەوەی سندوقی خانەنشینیی ڕۆژنامەنوسان سازدا.

لە میانەی سیمینارەکەدا، بەشدار حەکیم، جێگری سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا و وتی: ئەو یاسایەی لە ساڵی ٢٠٠١دا لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوو سەبارەت بە سندوقی خانەنشینیی ڕۆژنامەنوسان، ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو یاسایەدا تێپەڕیوە و پێویستە هەمووار بکرێتەوە، یاساکە لەگەڵ باردودۆخ و ژیانی ئێستای ڕۆژنامەنوسان ناگونجێت بۆیە سەندیکای ڕۆژنامەنوسان داوای هەمووارکردنەوەی ئەو یاسایە دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، دەیانەوێت ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە لە کەرتی حکومیدا کارناکەن ماوەی خزمەتیان بۆ هەژمار بکرێت  و سودمەند بن لە سندوقی خانەنشینیی ڕۆژنامەنوسان، لەبەر ئەم مەبەستە هەستاون بە سازدانی ئەم سیمینارە و گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی چۆن بتوانرێت ئەو سندوقە کارا بکرێتەوە.

بەشدار حەکیم ئاماژەی بەوەشدا، بڕی ١١٨ هەزار دینار دیاریکراوە بۆ هەر ڕۆژنامەنوسێک کە خۆی خانەنشین بکات، ئەم بڕە پارەیەش هانی هیچ ڕۆژنامەنوسێک نادات کە خۆی خانەنشین بکات، تا ئێستا تەنها ١١ ڕۆژنامەنوس خۆیان خانەنشین کردووە.

سەبارەت بەو دەنگۆیەش کە پارەی ناو سندوقی خانەنشینیی ڕۆژنامەنوسان دیارنەماوە وتی: هیچ بڕە پارەیەک لە سندوقەکەدا نەبووە تا دیارنەمێنێت، هۆکاری کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئێمەش هەرئەوەیە کە ئەم سندوقە پشتگیریی ناکرێت، هیچ پارەیەکی بۆ خەرج ناکرێت، ئێمە دەمانەوێت کە لە پێناو ڕۆژنامەنوسان ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی پارە بۆ سندوقەکە خەرج بکرێت.

س.س

Comments are closed.